سەردێر

پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە

خەڵك-

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیاردەی لیژنەكەش دەڵێت: “بڕیار دراوە دوای پەسەندكردنی بودجەی هەرێم پلەبەرزكردننەوەی فەرمانبەران دەستپێبكاتەوە”.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دارایی لە پەڕلەمان كۆبووینەتەوە و دڵنیایی پێداین، كە مانگانە مووچە لەكاتی خۆیدا دابەش دەكرێت و ئەوەش دوابڕیاری حكومەتە لەو بارەیەوە.

ڕاشیگەیاند، حكومەتی هەرێم بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ بودجەی خۆی هەبێت و ئامادەكارییەكانیش هەنگاوی باشی بڕیوە و لەگەڵ پەسەندكردنی بودجەی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانیش دەستپێدەكاتەوە.

وتیشی، “پلەبەرزكردنەوەی هێزە ئەمنییەكان و پێشمەرگە دەستی پێكردۆتەوە و تەنها فەرمانبەرانی ڕاژەی شارستانی ماون، بەم زووانە بۆ ئەوانیش دەستپێدەكاتەوە، بەڵام بە مەرج و ڕێكاری یاسایی”.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) تا ناوەڕاستی ئەم مانگە پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم لەلایەن وەزارەتەكانی دارایی و پلاندانانەوە دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و دواتر لەلایەن ئەنجوومەنەوە پەسەند دەكرێت و ڕەوانەی پەڕلەمان دەكرێت بۆ دەنگدان لەسەری.

ماوەی نزیكەی 6 ساڵە و لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە بە بیانووی قەیرانی دارایی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ڕاگیراوە لەكاتێكدا ئەو مافە بە یاسای خزمەتی شارستانی دراوە بە فەرمانبەران، بەڵام بە بڕیارێكی حكومەتی هەرێم ئەو یاسایە پەكخراوە.

پێشتر سەرچاوەیەكی وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ (خەڵك) ڕایگەیاندبوو، كە دوای پەسەندكردنی بودجە بەڕێكار و ڕێنمایی نوێ‌ دەست بە پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەكرێت.