خەڵك-
كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆتایی هات و بڕیار درا “گفتوگۆكان لەگەڵ عیراق بەردەوام بن تا گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گونجاو”، هاوكات سەرۆك وەزیران جەختی كردەوە، دەبێت پەلە بكرێت لە یاسای چاكسازی و ھەموو بڕگەكانی یاساكە، جێبەجێ بكرێن.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوار شەممە بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران ، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە”.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی شاندی دانوستانكار ڕێرەوی گفتوگۆكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی لەبارەی شایستە داراییەكانی ھەرێم لە چوارچێوەی پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 خستەڕو.
قوباد تاڵەبانی باسی لەوەشكرد، تا ئێستا چەند پێشنیارێك ئاڵوگۆڕكراون، بەڵام ھێشتا لە پڕۆژە یاساكە جێگیر نەكراون، ھەموو داتا و زانیارییەكان لەبارەی داھات و خەرجییەكان بە شێوەیەكی شەفاف خراونەتەڕو لە دانوستاندنەكان لەگەڵ لایەنە سیاسییە عێراقییەكان و بەتایبەت لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئامادەییشمان نیشانداوە بۆ ڕێككەوتن لەسەر بنەمای دەستور و یاسا بەركارەكان، گفتوگۆكان بەردەوام دەبن تا گەیشتن بە ڕێككەوتنێكی گونجاو.
دواتر دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانان تیشكی خستە سەر ئامادەكارییەكان و هەنگاوەكانی داڕشتنی پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2021 كە قۆناغی باشیان بڕیوە و لەداھاتوودا دەخرێتەرو.
لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، عەبدولحەكیم خسرەو، سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و سكرتێری لیژنەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی، ڕاپۆرتێكی دەربارەی ئاستی جێبەجێكردنی بڕیارەكانی تایبەت بە (یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان و خانەنشینی) خستەڕو، دواتر سەرنج و تێبینییەكان خرانەڕو.
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت جەختی كردەوە، كە “دەبێت پەلە بكرێت و ھەموو بڕگەكانی یاساكە، جێبەجێ بكرێن لەپێناو دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتیدا”.