سەردێر

حكومەتی هەرێم بودجەی خۆی پەسەند دەكات

خەڵك-

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و بڕیاردەی لیژنەكەش دەڵێت: “بەڕێككەوتن یان ڕێكنەكەوتن لەگەڵ عیراق، حكومەتی هەرێم بۆ ئەمساڵ بودجەی خۆی دەبێت”.

محەمەد سەعدەدین، بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەڕلەمانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەگەڵ وەزیری دارایی حكومەتی هەرێم كۆبووینەوە و دواین بڕیار و هەنگاوەكانی حكومەتی پێ‌ ڕاگەیاندین سەبارەت بە دابەشكردنی مووچە و پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021ی هەرێم.

ڕاشیگەیاند، وەزیری دارایی جەختی لەوەكردەوە، كە مانگانە مووچەی فەرمانبەران لەوادەی خۆیدا بەپێی داهاتی بەردەست دابەش دەكەن و ئەگەر ڕێككەوتنیش لەگەڵ بەغدا بكرێت، ئەوا تەواوی مووچە دابەش دەكرێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی هەرێم هەنگاوی باشی بڕیوە و حكومەتی هەرێم بڕیاری كۆتایی داوە، كە بۆ ئەمساڵ یاسای بودجەی خۆی دەبێت جا ڕێككەوتن بكرێت لەگەڵ بەغدا یان نەكرێت.

جەختیشی كردەوە، ئەگەر ڕێكككەوتن لەگەڵ بەغدا بكرێت ئەوا بودجەی هەرێم دیاردەبێت و ئەگەر ڕێكككەوتنیش نەكرێت بەو داهاتەی دێتە دەست حكومەت پڕۆژە یاسای بودجە دادەڕێژرێت و پەسەند دەكرێت.