سەردێر

بەپێی پێوەری زیرەك چەند ئەمپێر كارەبا دەدرێت بە ماڵان؟

خەڵك-
بەپێی بڕیاری وەزارەتی كارەبای هەرێم، پێوەری زیرەكی كارەبا بۆ سەرجەم هاوبەشانی كارەبا دەبەسترێت و لە ئێستاشدا زۆربەی شوێن و ماڵەكان ئەو پێوەرەیان بۆ بەستراوە، كە بەهۆیەوە هەر ماڵێك بڕی 60 ئەمپێر كارەبای بۆ دیاریكراوە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی كارەبای هەرێم بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، پڕۆژەی بەستنی پێوەری زیرەكی كارەبا قۆناغی باشی بڕیوە، كە بەهۆیەوە ڕێگە دەگیرێت لە زیادەڕەوی سەر تۆڕەكانی كارەبا و سیستمێكی نوێ‌ لە بەكارهێنانی كارەبا جێبەجێ‌ دەكرێت.

ڕاشیگەیاند، ئەگەر هاووڵاتی زیاتر لەو بڕە كارەبایەی بۆی دیاریكراوە بەكاربهێنێت بۆ ماوەی 45 چركە، ئەوا پێوەرە زیرەكەكە بەجۆرێكە، كە كارەبای ئەو ماڵە دەكوژێتەوە وەك ئاگاداركردنەوەیەك، كە زیاتر لە پێویست كارەبا بەكاردەهێنێت و دوای 150 چركە كارەباكە بەشێوەی خۆكرد دادەگیرسێتەوە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی كارەبا، “ئەگەر هاووڵاتی لە ماوەی نیو كاتژمێردا هەر بەردەوام بوو لە زیاد بەكارهێنانی كارەبا و 5 جار كارەباكەی كوژایەوە و هەڵبووەوە، ئەو كاتە پێوەرە زیرەكەكە بەجۆرێكە كارەبای هاوبەشەكە دەكوژێتەوە و دوای 45 خوولەك (سێ‌ چارەكی كاتژمێرێك) ئەوجار كارەباكە هەڵدەبێتەوە”.