خەڵك-
بەهۆی ناسەقامگیری بازاڕی جیهانی لە ئەنجامی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و هەروەها تێكچوونی بازاڕی عیراقی بەهۆی بڕیاری بانكی ناوەندی بۆ دابەزاندنی بەهای دینار و جێگیركردنی لە بودجەدا، بەهای ئاڵتون و دۆلار بەرزبوونەوە.
دانا وەرتی، لە زێڕنگەری ئازورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەممە نرخی ئۆنسێك زێڕ بۆ 1839 دۆلار بەرزبۆتەوە و بەوهۆیەوە نرخی یەك لیرە بەرزبۆتەوە بۆ 390 دۆلار”، لەكاتێكدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا نرخی ئۆنسێك بۆ 1779 دۆلار دابەزیبوو.
ڕاشیگەیاند، نرخی زێڕی عەیار 21 بۆ 378 هەزار و عەیار 18 بۆ 324 هەزار دینار بەرزبووەوە.
لای خۆشیەوە، یادگار حەسەن لە كۆمپانیای سەعید بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، نرخی دۆلار بۆ ئەمڕۆ سێ شەممە 9-2-2021، بەپێی بازاڕی گۆڕینەوەی دراوی بیانی لە شاری سلێمانی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 146 هەزار 150 دینار مامەڵەی پێوە كراوە.
وتیشی، “نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی بە 2 ملیۆن و 407 هەزار تمەنی ئێرانی مامەڵەی پێوە كراوە”.
هۆكاری دابەزینی بەهای تمەن بۆ لێدوانەكانی دوێنێی جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا دەگەڕێتەوە، كە جەختی كردەوە لەسەر لانەبردنی گەمارۆ ئابوورییەكانی سەر ئێران و وتی، “ئێران پابەندی ڕێككەوتنی ئەتۆمی نەبووە”.