سەردێر

داعش 100 ملیۆن دۆلاری لەتوركیا هەیە

داعش لە توركیاوە پارە رەوانەی عێراق و سوریا دەكات

خەڵك-

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، رێكخراوی داعش پارەی یەدەگی نەختینەی بە بڕی نزیكەی 100 ملیۆن دۆلاری لە توركیا هەیە.

بەپێی راپۆرتی گەنجینەی ئەمریكا، داعش تۆڕێكی دارایی هەیە كە دەتوانێت بە ئاسانی لە توركیا بە كەڵك وەرگرتن لە سیستمی دارایی توركیا بگات بە پارەكانی.

هاوكات داعش پارە لە توركیاوە رادەگوێزێت بۆ چەكدارەكانی لە سوریا و عێراق و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی.

عێراق لە كۆتاییەكانی 2017 سەركەوتنی شەڕی داعشی راگەیاند لەگەڵ رووخانی میرنشینی داعش لە سوریا لە دوای شەڕی باغۆز لە بەهاری 2019.

كەچی تا ئێستا داعش پارێزگاری لە هەندێك پێگەی شاراوەی خۆی دەكات، لەوێ هێرشدەكات بۆ سەر دوو وڵات.

راپۆرتە رۆژنامەوانییە رۆژئاواییەكان چەند جارێك باسیان لە گواستنەوەی پارە لە توركیاوە بۆ سوریا كردووە لەلایەن داعشەوە و سزا سەپێندراوە بەسەر دامەزراوە داراییەكاندا لە توركیا بەهۆی مامەڵەیان لەگەڵ داعش.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكا، چەكدارەكانی داعش لە سوریا گەیشتوون بە پارەی نەختینە لە هاوبەشەكانیانەوە كە بارەگایان هەیە لە توركیای دراوسێیان.

گواستنەوەی ئەم پارەیە لە رێگای حەواڵەوەی نێوخۆییەوە بووە لە رێگای كۆمپانیای خزمەتگوزاری داراییەوە لە خێوەتگای هۆڵ لە رۆژئاوای كوردستان كە نزیكەی 50 هەزار خێزانی چەكدارانی داعش لە خۆی دەگرێت.

هاوكات بەشێكی دیكەش گواستراوەتەوە بەشێوەی نەختینە لە سنوورە بیابانییە كراوەكانی نێوان عێراق و سوریاوە.

داعش بەردەوامە لە كۆكردنەوەی پارە لە رێگای تۆڕەكانی بە قاچاخبردنی نەوت لە خۆرهەڵاتی سوریا و رفاندنی خەڵك و كارمەندی كۆمپانیاكان.