سەردێر

كازمی بڕیارێكی دڵخۆشكەر دەربارەی فەرمانبەرانی هەرێم دەدات

خەڵك –
ئەندامێكی كوردی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، سەرۆك وەزیرانی عیراق ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی دوو خاڵی لەخزمەت مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، كە پاڵپشتییەكی باش لە مووچەخۆرانی هەرێم دەكات و وتی، “هەرگیز مووچەخۆرانی هەرێم لەو دۆخە بەجێ ناهێڵین”.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەمان لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق دوو خاڵی جوانی بۆ پاڵپشتی مووچەخۆرانی هەرێم خستەڕوو، كە جێگەی تەقدیرە.

وتیشی، “سەرۆك وەزیران بە ئێمەی وت ڕێگر مەبن لەو دەقەی پڕۆژ یاساكە، كە لە حكومەتەوە هاتووە و پشتیوانی بكەن، بەو شێوەیەش ئەگەری ڕێككەوتمان لەگەڵ هەرێم هەر دەبێت”.

ڕاشیگەیاند، “كازمی لە كۆبوونەوەكەدا جەختی لەوە كردووە، كە هەرگیز مووچەخۆرانی هەرێم لەو دۆخەی ئێستا بەجێ ناهێڵن، ڕێگە چارەسەرەێك دەدۆزرێتەوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، بۆیە تكاتان لێ دەكەم با دەقەكە وەك خۆی تێپەڕێت”.

ئاشكراشیكرد، ڕەنگە ئەوەی لەحكومەتەوە هاتووە وەك دەق لە پڕۆژە یاسای بودجە لەسەر هەرێم وەك خۆی لە پەڕلەمان تێنەپەڕێت، بەڵام بە شێوازێكی دیكە دەنووسرێتەوە، كە هەمان ئەنجامی دەقەكەی حكومەتی هەبێت، ئەوەش لە قازانجی مووچەخۆرانی هەرێمدایە.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، كە باسی مووچەخۆرانی هەرێم كردووە بە ژمارە بریتیە لە 682 هەزار و 21 فەرمانبەر، ئەوانی دیكە داتایان لای حكومەتی هەرێم نیە.

دوێنێ‌ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكدا بۆ (ناوەندی هەواڵی عیراقی) وتبووی، “وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی ژمارەی تۆماركراوی لەسەر فەرمانبەرانی هەرێم لایە، كە دەگاتە 683 هەزار فەرمانبەر لەكاتێكدا ئێمە لە هەرێم 751 هەزار فەرمانبەرمان هەیە، بۆیە لێرەدا دەبێت بزانین چۆن مووچەی ئەو فەرمانبەرانە دەدرێت، كە ناویان لەلای وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی نییە، ئەگەر ئێمە سەرچاوەی داراییمان نەبێت، كە لێرەدا جیاوازی لە ژمارەكەی نێوان هەرێم و عیراق نزیكەی 70 هەزار فەرمانبەرە”.

ئەو دەقەی، كە حكومەتی مستەفا كازمی لە رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراقدا لەبارەی پشكی هەرێمەوە ناردویەتی بۆ پەرلەمان، داوا دەكات هەرێم مانگانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت ‌و نیوەی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان بۆ بەغداد بگێڕێتەوە لەبەرامبەر (14 ترلیۆن) دینار پشكی هەرێم لە بودجەدا بۆ هەموو ساڵەكە تەرخان كراوە، لایەنە شیعەكان بەم دەقە رازی نین‌ و داوا دەكەن هەرێم هەموو نەوتەكەی ڕادەست بكات.