سەردێر

نزیكەی 30 ملیار دۆلاری عێراق لای توركیایە

ئابووری عێراق بە رێژەی 9.7% لە 2020دا پاشەكشەی كردووە

 

خەڵك-

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە ئاشكرایكرد نزیكەی 30 ملیار دۆلاری عێراق لای حكومەتی توركیایە.

فالح خەزعەلی ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە لیژنەی نەوت و گاز و نوێنەری پارێزگای بەسرە لە هەژماری خۆی لە فەیسبوك ژمارەیەك بەڵگەی لەسەر بوونی پارەی عێراق لە توركیا بڵاوكردەوە، دەڵێت: نزیكەی 30 ملیار دۆلاری ئەمریكایی عێراق لای توركیایە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت كە عێراق سكاڵای لەسەر توركیا تۆماركردووە و چاوەڕێی یەكلابوونەوەی دۆسێیەكە دەكەن.

هاوكات عێراق لە ماوەی رابردوودا داوای بیلاڕوسیاش كردووە بە گەڕاندنەوەی ئەو پارانەی لەو وڵاتەیە.

حكومەتی عێراق رایگەیاندووە پێویستی بە ئەو پارانە هەیە كە لە دەرەوەی وڵات بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت و قەیرانی دارایی كە بەهۆی كۆرۆناوە تووشی بووە.

ئێستا عێراق دەناڵێنێت بە دەست قەیرانێكی قوڵی داراییەوە بەهۆی دابەزینی بەهای نەوتەوە كە 97%ی كۆی گشتی داهاتەكەی لە نەوت پێكدێت، بەهۆی قەیرانی كۆرۆناوە و ساڵانێكیش لە شەڕ و گەندەڵییەوە.

ئابووری عێراق بە رێژەی %9.7 لە 2020دا پاشەكشەی كردووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و پەتای كۆرۆنا، بەڵام لە 2019 رێژەی گەشەكردنی ئابووری عێراق 4.4% بووە.