خەڵك-
قائیمقامی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت؛ لەپێناوی پاراستنی تەندروستی گشتی پێویستە شوێنەكان پابەندی مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن بن و چاوپۆشی لەهیچ كەس و شوێنێكیش ناكرێت.
ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی بەئامادەبونی مقەدەم چاوەڕێ ناسیح، لێپرسراوی ئاسایشی ئابوری لەگەڵ لیژنەی باڵا و لیژنەی ئارایشتگاكانی قائیمقامیەتی سلێمانی كۆبووەوە.
قائیمقامی سلێمانی ڕایگەیاند، لەپێناوی پاراستنی تەندروستی گشتی پێویستە شوێنەكان پابەندی مەرج و رێنماییەكانی كاركرد بن.
وتیشی، “لەكاتی سەردانەكانتان بۆ شوێنەكان سەرەتا مۆڵەت لەخاوەنەكانیان وەربگرن، پاشان ئەندامانی لیژنەكان بەپێی پسپۆڕێتی خۆی پشكنین بەشێوەیەك ئەنجام بدات، لەلایەن میوان و كڕیارەكانی شوێنەكە هەستی پێ نەكرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، “لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتیمانیان لەسەر شانە، بۆیە پێویستە بەدڵسۆزییەوە ئەركەكانیانی ڕۆژانیان جێبەجێ بكەن”.
ئاوات محەمەد جەختیشی كردەوە، پێویستە هەموو كارمەندانەی لەشوێنانەی خواردن و خوادنەوە دروست دەكەن، سەرتاشخانە، ئارایشتگا و هەمو ئەوشوێنانەی دیكە، كە پێویستەكە مۆڵەتیان هەبێت، خاوەنی ناسنامەی تەندروستی بن، بەپێچەوانەوە چاوپۆشی لەهیچ كەس و شوێنێك ناكرێت و شوێنەكە ڕوبەڕوی ڕێكاری یاسایی دەكرێتەوە.