سەردێر

هەوڵی هێنانی گەشتیار بۆ هەرێم دەدرێت

خەڵك-

بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران ڕایدەگەیەنێت، سەرجەم هەوڵەكانمان گرتۆتەبەر تاكو بتوانین زۆرترین گەشتیار بۆ ناوچەكە ڕابكێشین.

بەهۆی جوانی سروشتی ناوچەكە لە هەر چوار وەرزی ساڵدا، گەشتیارێكی زۆر بەتایبەت لە وەرزی بەهار و زستاندا ڕوودەكەنە هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی گەشتوگوزاری هەرێمیش ئاشكرای دەكەن، پێویستە حكومەت زیاتر ئاوڕ لەو كەرتە بداتەوە بۆ ئەوەی داهاتێكی زۆرتر بۆ هەرێم پەلكێش بكرێت.

عەبدولوەهاب مەحمود، بەڕێوەبەری شارەدێی حاجی ئۆمەران بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، بەردەوام لە هەوڵداین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری چۆمان و ڕێوشوێنی پێویست گیراوەتەبەر بۆ ڕاكێشانی گەشتیار.

وتیشی، “لەگەڵ كۆمەڵێك كۆمپانیا گفتوگۆ كراوە بۆ ئەوەی گەشتیار بۆ ناوچەكە بهێنن، بەتایبەت لە ڕۆژانی پشوو و ئەو ڕۆژانەی بەفر دەبارێت یان لە وەرزی بەهاردا”.

كەرتش گەشتوگوزار یەكێكە لەو كەرتانەی، كە لەم ساڵانەی دواییدا حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتی پێدەبەستێت بۆ دەستكەوتنی داهات و لەو ڕووەشەوە توانراوە تا ڕادەیەك گرنگی بە ناوچە گەشتیارییەكان بدرێت.