سەردێر

وەزیری دارایی دواین بڕیار لەسەر نرخی دۆلار ڕادەگەیەنێت

خەڵك-
وەزیری دارایی عیراق ئاشكرای دەكات، كە بەرزكردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار داواكاری ئەوان بووە و دەشڵێت: “ئەمریكا هیچ پلانێكی نییە بۆ ئیدارەدانی دۆخی عیراق”.

عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی عێراق لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، ئەمریكا چاوپۆشی كردووە لە گەندەڵییەكانی گرێبەستی كڕینی چەك لەسەردەمی حازم شەعلان، وەزیری پێشووتری ناوخۆ و لەكاتەكانی دواتردا تێوەگلانی هەندێك بەرپرسی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری ئەمریكی ئاشكراكردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا دوای داگیركردنی عیراق هیچ پلانێكی بۆ ئیدارەدانی دۆخی وڵات نەبووە و ئەوەش بۆتە هۆی دروست بوونی كێشەی گەورە لە دامەزراوەی ئیداری وڵاتدا.

وتیشی، “گۆڕانكاری لە نرخی دۆلار داوایەكی پێشتری وەزارەتی دارایی بووە، چونكە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو گەندەڵییەكی زۆری تێدا بووە و نەتوانراوە بەرهەمی ناوخۆیی زیادبكرێت یاخود بپارێزرێت، بۆیە بۆ پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی بڕیاردرا ڕێكاری دارایی و ئابوریی یەكلاكەرەوە بگیرێتەبەر، كە كە یەكێك لەڕێكارەكان گۆڕانكاری بوو لە نرخی دۆلار”.

سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی وەزیری دارایی وتی، “مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران هاوڕێی بووە و خۆی ئاگاداری كردۆتەوە، كە كاندیدی كردووم بۆ وەزیری دارایی و هیچ كوتلەیەك دەستوەردانی نەكردووە”.

لە كۆتاییەكانی مانگی 12ی ساڵی ڕابردوودا نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە بەرزكرایەوە بۆ 1450 دینار بۆ یەك دۆلار و بەوەش بە چەند ڕۆژێكی كەم نرخی 100 دۆلار لە 123 هەزار دینارەوە گەیشتە سەرووی 140 هەزار دینار و ئەوەش ئاڵۆزی ناوبازاڕ و گرانی لێ‌ كەوتەوە.