سەردێر

پێشنیاری لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران ڕەتدەكرێتەوە

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بۆ تاووتوێكردنی بڕگەكانی پڕۆژە یاسایی بودجەی 2021ی عیراق پێشنیاری لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی ڕەتكردووەتەوە.


شیروان میرزا ئەندامی فڕاكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاند: چەند پێشنیارێك هەبوو لەسەر ئەو بڕگەیەی ناو بودجەی 2021ی عیراق، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی هەموو ئەندامانی لیژنەی دارایی لێبڕینی مووچەیان ڕەتكردەوە.

شیروان میرزا وتیشی: پێشنیاری ئەوە كراوە، لەبری ئەوە بڕگەی ژمارە 113ی ساڵی 1982 جێبەجێكرێت، واتە یاسایی باجی سەر داهات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەشدا: تەنها وەك لیژنەی دارایی ئەو پێشنیارەی ڕەتكردووەتەوە، دواتر پڕۆژەكە لە ئەنجومەن خوێندنەوەی بۆ دەكرێت و ئەگەر لەو كۆبوونەوانە زۆرینەی دەنگ بهێنێت ئەوە لێبڕینی مووچە بەشێوەیەكی گشتی ڕەتدەكرێتەوە.

خەڵك – بەشی هەواڵ