سەردێر

دارایی عیراق لێبڕین لە مووچەی فەرمانبەرانی هەڵوەشاندەوە

خەڵك-
لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بڕیاریدا ڕێژەی 20%ی بودجەی هەر سێ‌ سەرۆكایەتی (كۆمار و پەڕلەمان و ئەنجوومەنی وەزیران) لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 ببڕێت و خەرجی لە 164 ترلیۆن دینارەوە بۆ 130 ترلیۆن كەم بكاتەوە.

ماجدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، بڕگەیەكی تایبەت بە لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران لە پڕۆژە یاسای بودجە، كە لە حكومەتەوە هاتووە هەڵوەشێنراوەتەوە و لەبری ئەوە یاسای باجی دەرامەت بە ژمارە 13ی ساڵی 1982 جێگیر كراوە.

ڕاشیگەیاندووە، بڕی خەرجییەكان لە بودجە لە 164 ترلیۆن دینارەوە بۆ 130 ترلیۆن كەمكراوەتەوە و داهاتی دیكە زیادكراوە و چەندین چاكسازی دیكە لە بودجەدا كراوە.

تەمیمی ئاماژەی بەوەشكردووە، خۆی سەرۆكایەتی لیژنەی لاوەكی تایبەت بە سێ‌ سەرۆكایەتییەكەی كردووە دەربارەی بودجە و توانراوە ڕێژەی 20%ی بودجەی هەر سێ‌ سەرۆكایەتییەكە ببڕدرێت.

جەختیشی كردۆتەوە، پەڕلەمان ڕۆڵی هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێ‌ كردنی بینیوە لەیەك كاتدا لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2021دا، چونكە هەر ماددەیەكی بودجە 5 جار لێكۆڵینەوەی تێدا كراوە و گفتوگۆی پێویستی لەبارەوە كراوە.