سەردێر

نوێترین زانیاری لەسەر كاتی دابەشكردن و ڕێژەی لێبڕینی مووچە

خەڵك-
بەپێی بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لەسەر زاری وتەبێژەكەیەوە پشتڕاستكراوەتەوە مانگانە مووچەی فەرمانبەران بەبێ‌ دواكەوتن دابەش دەكرێت و ڕێژەی لێبڕینیش بەپێی ئەو داهاتە دەبێت، كە دەست حكومەت دەكەوێت ئەگەر ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا نەكرێت لەسەر بودجە.

د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەكردبوو، كە مانگانە بەپێی داهاتی بەردەستی حكومەتی هەرێم مووچەی فەرمانبەران دابەش دەكرێت و دواناكەوێت.

لای خۆشیەوە، ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ستراتیجی حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندووە، لە 24ی مانگ و لە ماوەی یەك هەفتەدا بەلێبرینی 20% مووچەی مانگی دوو دابەشدەكرێت.

بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك) بەهۆی بەرزبووونەوەی نرخی نەوت و زیادبوونی داهاتی ناوخۆ و كەمكردنەوەی خەرجییەكانی حكومەتی هەرێم بۆ 60 ملیۆن دۆلاری مانگانە، بڕی داهاتی بەردەستی حكومەت بۆ پێدانی مووچە زیادی كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بۆ دابەشكردنی مووچەی مانگی شوبات حكومەت بڕی نزیكەی 600 ملیار دیناری لەبەردەستە و بەو پێیەش تا كۆتایی مانگ و بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر دەتوانرێت بە لێبڕینی 21% بە هەمان شێوەی مانگەكانی پێشوو مووچە دابەش بكرێت.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.