سەردێر

ئاڵتون نزمترین نرخی تۆماركرد

خەڵك-
بەهۆی هەواڵەكانی تایبەت بە دۆزینەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا و كەمبوونەوەی ئامارەكانی تووشبوون بەو پەتایە، هاوكات بەهۆی پێشبینی كەمكردنەوەی ئەو بڕە پارەیەی بایدن بۆ بووژانەوەی هەلی كار تەرخانی بكات، نرخی ئاڵتون لە بۆرسەی جیهانی ڕووی لە دابەزین كرد.

دانا وەرتی، لە زێڕنگەری ئازورا لە هەولێر بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ نرخی ئۆنسێك زێڕ بۆ 1799 دۆلار دابەزیوە و بەوهۆیەوە نرخی یەك لیرە دابەزیوە بۆ 381 دۆلار”، لەكاتێكدا لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا نرخی ئۆنسێك گەیشتە 1864 دۆلار.

ڕاشیگەیاند، نرخی زێڕی عەیار 21 بۆ 368 هەزار و عەیار 18 بۆ 315 هەزار دینار دابەزیوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری دابەزینی بەهای دۆلار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی پێشبینی دەكرێت ڕێژەی بێکاری لە ئەمریکا بە ڕێژەییەکی بەرچاو پاشەکشە بکات ئەمەش وا دەکات جۆ بایدن پێویستی بە خەرجکردنی 1.9 ترلیۆن دۆلار نەبێت بۆ بوژانەوەی ئابوری ئەمریکا و بەوەش هێزی دۆلار لە بۆرسە بەو جۆرە دانابەزێت و ئۆنسەی زێڕیش پاڵپشتیەکی بەهێزی بەرزبوونەوەی ناکرێت بەهۆی ئەو بودجەیە،
چونکە ڕێژەکەی کەم دەکرێتەوە.