سەردێر

نرخی نەوت گەیشتە نزیكەی 60 دۆلار

خەڵك-
بەهۆی كەمبوونەوەی یەدەگی نەوتی ئەمریكا و بڕیارەكانی ئۆپێك بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی یەك ساڵی ڕابردوودا.

بەپێی ڕاپۆرتێكی ماڵپەڕی (فیكس نیوز دەیلی) ئینڕۆ هەینی 5-2-2021 نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهانی گەیشتۆتە بەرزترین نرخ، كە ئەوەش بەرزترین ئاستە لە مانگی شوبات-ی ساڵی ڕابردووەوە.

هەر بەپێی ڕاپۆرتەكە، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی برێنت گەیشتۆتە 59 دۆلار و 22 سەنت و بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكا گەیشتۆتە 56 دۆلار و 61 سەنت.

وەك لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، “پێشبینی زیادبوونی نرخەكە دەكرێت لەمڕۆدا بۆ سەرووی 60 دۆلار و بەو پێیەش نرخەكەی لەنێوان 58 دۆلار بۆ 61 دۆلار جێگیر دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ كەمبوونەوەی یەدەگی نەوت لە ئەمریكا و بڕیاری وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت (ئۆپیك) دەگەڕێتەوە تایبەت بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنان.