سەردێر

“ماوەی 10 ڕۆژ ئاوی خواردنەوە نابێت”

خەڵك-
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگای كەركوك ئاگاداری هاووڵاتیان دەكات، كە بڕی پێویستی ئاو پاشەكەوت بكەن و ڕایدەگەیەنێت، كە بۆ ماوەی 10 ڕۆژ ئاوی خواردنەوە نابێت.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگای كەركوك لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كەناڵی (D9)ی پڕۆژەی ئاوی شارەكە پاكدەكاتەوە و ئەو كارەش لە ڕێكەوتی 6-2-2021 دەستپێدەكات و تاوەكو 15-2-2021 بەردەوام دەبێت.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ ئەنجامدانی ئەو كاری پاكژكردنەوەیە پێویست دەكات، كە ناردنی ئاو بۆ پڕۆژەی پاككردنەوەی ئاوی شاری كەركوك لە هەردوو هێڵی (یەك و دوو) بەتەواوی ڕابگیرێت بۆ ئەو ماوە دیاریكراوە.

بەڕێوەبەرایەتی ئاوی پارێزگای كەركوك داوا لە هاووڵاتیان دەكات، “بڕی ئاوی پێویست پاشەكەوت بكەن و زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی نەكەن و بەپێی پێویست بەكاری بهێننن لەو ماوەیەدا”