سەردێر

پەڕلەمانتارانی كوردی لیژنەی دارایی داوایەك لە حكومەتی هەرێم دەكەن

خەڵك-
ئەندامانی كوردی لیژنەی دارایی لە پەڕلەەمانی عیراق داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەن “لانیكەم تا پەسەندكرنی موازەنە دوربكەونەوە لە لێدوانیی نەگونجاو و ناشایستە كە ببێتە گرفت بۆ ئێمە” و جەختیشدەكەنەوە، نامانەوێ لە ئێستاوە دژایەتی و حەساسییەت بۆ هیچ برگەیەك دروست بكەین و لە ئیعلامەوە كوتلەكانیی تر بیبیستن و بكەونە دژایەتی.

چوار ئەندامی كوردی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەیان بەوەكردووە، ئێمە داكۆكی لە مافە دەستورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكەین، بەشێوەیەك موچە و بودجە و شایستە داراییەكانمان بەرجەستە بكا و هەر پێشنیارێك دەستوری بێ پەسەندنمانە و نادەستوری بێ رەتمانكردۆتەوە و بەهەمان نەفەسیش بەردەوام دەبین.

ڕاشیانگەیاندووە، پێویستە حكومەتی هەرێم لانیكەم تا پەسەندكرنی موازەنە دوربكەونەوە لە لێدوانیی نەگونجاو و ناشایستە كە ببێتە گرفت بۆ ئێمە.

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:
ئێمە لە لیژنەی دارایی رۆژانە لە بەیانیەكی زوەوە تا شەوانێكی درەنگ لە كۆبونەوە بەردەوامین، زۆر برگە و مادەمان هەمواركردوە كە تیایدا بەرژەوەندیی و مافە دەستورییەكانی هەرێم و ناوچە جێناكۆكەكانمان جێكردۆتەوە و بەردەوامیش لەگەڵ سەرۆكی كۆمار، كوتلە كوردستانیەكان و وەفدی هەرێم لەسەر خەتین بۆ ئەوەی موازەنە بە پشك و مافی هەرێمەوە تێپەرێت بەڵام نەچوینەتە وردەكاری ئەوەی رۆژانە چیی دەكەین و چیمان كردوە چونكە دواجار هەر هەموارێك لەناو دانیشتنی پەرلەمان و دەنگدان بكەوێت وەك ئەوەیە هیچمان نەكردبێت، ناشمانەوێ لە ئێستاوە دژایەتی و حەساسییەت بۆ هیچ برگەیەك دروست بكەین و لە ئیعلامەوە كوتلەكانیی تر بیبیستن و بكەونە دژایەتی، چونكە چەندین كوتلە و پەرلەمانتار هەن بە ئاشكرا نایانەوێ موازەنە تێپەربێت، لێرەوە جێگەی سەرنجە كە هەن ئاگادارییەكی ئەوتۆیان سەبارەت بە گفتوگۆكان نیە كەچی لەسەر وردەكاری ئەوتۆ لێدوان ئەدەن كە كێشە بۆ گفتۆگۆكانیی ئێمە دروست دەكا.
بەشێكی تایبەتی ئەو سەرنجەمان پەیوەستە بە لێدوان و راگەیاندراوەكانیی حكومەتی هەرێم كە پێویستە لانیكەم تا پەسەندكرنی موازەنە دوربكەونەوە لە لێدوانیی نەگونجاو و ناشایستە كە ببێتە گرفت بۆ ئێمە.
ئێمە داكۆكی لە مافە دەستورییەكانیی هەرێمی كوردستان دەكەین، بەشێوەیەك موچە و بودجە و شایستە داراییەكانمان بەرجەستە بكا و هەر پێشنیارێك دەستوری بێ پەسەندنمانە و نادەستوری بێ رەتمانكردۆتەوە و بەهەمان نەفەسیش بەردەوام دەبین.
هۆشیار عەبدوڵا
ئەحمەد حاجی ڕەشید
جەمال كۆچەر
شیروان میرزا
بەغدا
۳ی ۲ ی ۲٠۲۱