سەردێر

سۆمۆ لەبارەی وەرگرتنی نەوتی هەرێمەوە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە

خەڵك-
كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) ڕەتیدەكاتەوە نەوتی هەرێمی كوردستانی ڕادەست كرابێت، هۆكاری كەمبوونەوەی هەناردەكردنیش لە ساڵی 2021دا ئاشكرا دەكات.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك كە ئەمڕۆ چوار شەممە لەلایەن كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)ەوە بڵاوكرایەوە”نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی كەركوك، كە لەلایەن حكومەتی فیدراڵەوە هەناردە دەكرێت، بەرزترە لەو نرخەی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە نەوتی پیدەفرۆشرێت”، ڕەتیشیدەكاتەوە تا ئێستا نەوتی هەرێمی ڕادەست كرابێت.

هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، “وردەكاری كۆی گشتی نرخی ئەو نەوتە خاوەی هەرێمی كوردستان بەكاری دەهێنێت بەردەست نییە، بابەتی وەرگرتنی داهاتە داراییەكانیش لە پرۆسەكانی هەناردەكردنی نەوت پەیوەندی بە وەزارەتی داراییەوە هەیە”.

كۆمپانیای بەبازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) دەڵێت: “ئەو میكانیزمانەی پشتییان پێدەبەسترێت بۆ دابینكردنی نەوتی خاو بۆ كۆمپانیا جیهانییەكان، بەپێی بڕی بەردەستە بۆ هەناردەكردن، بڕە هەناردەكراوەكانیش گۆڕانكارییان بەسەردا دێت، بەجۆرێك كە بگونجێت لەگەڵ بڕیارەكانی ڕێكخراوی ئۆپیك، تا پشێكی باش بۆ بازاڕەكان زامن بكرێت”.