سەردێر

رێنمایی بۆ باجی ئۆتۆمبێل دەرنەچووە

خەڵك – نزار جەزا

لەماوەی ڕابردوودا حكومەتی هەرێم بڕیاریدا باج لە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و ئەو ئۆتۆمبێلانەی گرانبەهان وەبگرێت، بەڵام تاكو ئێستا هیچ ڕێنماییەك بۆ هاتوچۆی هەرێم نەنێردراوە، لەبارەی چۆنیەتی وەرگرتنی ئەو باجە.

ئەسعەد كەریم وتەبێژی هاتوچۆی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، تاكو ئێستا هیچ نوسراوێكمان لەوبارەیەوە بەدەستنەگەیشتووە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، نازانن بەچی مەبەستێك ئەو پارەیە وەردەگیرێت، چونكە ئێستا پارەی ژینگە و ڕێگاوبان و ژمارەكردن وەردەگیرێت، ئەم پارەیە ئەگەر وەربگیرێت، دەبێت ڕێنمایی نوێی بۆ دەربكەن.

باسی لەئەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی هیچ نوسراوێكیان بەدەستنەگەیشتووە، ناتوانن هیچی لەسەر بڵێن.

لەبەرواری ١٠\١\٢٠٢١دا ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا بەڕاسپاردنی وەزارەتەكانی دارایی و ئابووریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری، بە دیاریكردنی بنەما و میكانیزمی گونجاو بۆ وەرگرتنی باجی ئۆتۆمبێلی تایبەت بە ڕەچاوكردنی بەكارهێنەر و بەرژەوەندی گشتیی.

كەمال تەیب بەڕێوەبەری گشتیی باجەكان و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی ڕایگەیاند، ” حكومەتی هەرێمی كوردستان سوودمەند نییە و لەو سەرمایەی دەدرێت بەو ئۆتۆمبێلانە، بۆ ئەو بڕیارەش وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ڕێنمایی دەردەكات بۆ وەرگرتنی باج لە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرز و ئەو ئۆتۆمبێلانەی گرانبەهان”.

ئەم بڕیارە لەناو شۆفێران و هاوڵاتییاندا ناڕەزایەتی لێ كەوتەوە و داوایانكرد ئەم بڕیارە نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە.