سەردێر

“سیتی پاس” جێبەجێدەكرێت

خەڵك – نزار جەزا
بڕیارە پڕۆژەی سیتی پاس لەماوەی ئەمساڵدا بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، كە تەواوی پاسەكانی هەرێمی كوردستان دەگۆڕدرێن و هێڵێكی تایبەت لەسەر شەقامەكان بۆ ڕۆشتنی پاسە نوێیەكان دابیندەكرێت.

دیلان ڕەشاد، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، پڕۆژەیەكی گەورەی ڕێكخستنی گواستنەوەی هێڵی گشتی پاسیان هەیە، كە لەلایەن كۆمپانیایەكی ئیتاڵیاییەوە دیزاینەكەی بۆ كراوە و هەموو پارێزگاكانی هەرێم دەگرێتەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، پڕۆژەكە ناوی سیتی پاسە و لەسەدا ٩٥ی تەواوبووە، كە پاسەكان بەشێوەی بەردەوام ٢٤ كاتژمێر لەكات و شوێنی دیاریكراودا لەهێڵێكی تایبەتدا دەگەنە شوێنی خۆیان و ناكەونە ناو هیچ قەرەباڵغییەك.

باسی لەئەوەشكرد، ئەوەی كە ماوەتەوە، تەنها كۆمپانیای جێبەجێكارە، كە پڕۆژەكە وەربگرێت و دەست بەهەنگاوە كردارییەكان بكات.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر دۆخەكە لەمەی ئێستا خراپتر نەبێت، بەتایبەت بەربەستە ئابوورییەكان زیاتر نەبن و كۆرۆنا كۆتایی بێت، چاوەڕێدەكرێت لەماوەی ئەمساڵدا بەچەند قۆناغێك لەشارەكانی هەرێمی كوردستان بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە تاكو هەموو شارەكانی هەرێم بگرێتەوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، دوێنێ دوو شەممە لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لەگەڵ وەزیری گواستنەوە و گەیاندن كۆبوونەوە، تێیدا باس لەجێبەجێكردنی پڕۆژەی سیتی پاس كرا.

ناوبراو وتیشی: شەقامەكان هێڵكاری تایبەتی بۆ دەكەن، بەجۆرێك ڕێكدەخرێن، كە ئەو شوێنەی ئەم پاسانە پێیدا دەڕۆن، ئۆتۆمبێلی دیكەی پێدا ناڕوات.

دەشڵێت: ئەم پڕۆژەیە تەنها پاسەكانی ناو شارەكان ناگرێتەوە، بەڵكو پاسی نێوان شارەكانیش دەگرێتەوە، كە هەموو پاسە كۆنەكان دەگۆڕدرێن، چونكە لەئەم شێوازەی ئێستادا بازاڕێكی ڕەشیان بۆخۆیان دروستكردووە، بەڵام دوای جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە هەموو پاسەكان دەبنە پاسی حكومی و كەرتی تایبەت.

ڕوونیشیكردەوە، خاوەن پاسەكانی ئێستا قەرەبوو دەكرێنەوە و لەسەر ئەم پڕۆژە نوێیە دەخرێنەوە سەركار، بۆ ئەوەی بێكارنەبن.

ئەمە لەكاتێكدایە هەر گەڕەكێك لەگەڕەكەكانی هەرێمی كوردستان هێڵێكی گواستنەوەی تایبەت بەخۆی هەیە و خۆیان مامەڵە لەگەڵ پاس و هێڵەكاندا دەكەن.