سەردێر

لەوەزیری دارایی دەپرسرێتەوە

خەڵك-

 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی دیاریكرد بۆ لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی عێراق عەلی عەبدول ئەمیر دوای ئەوەی بڕیاربوو مانگی رابردوو لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت.

یوسف كلابی ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە رۆژی 31ی 1ی 2021 داوای دیاریكردنی وادەی لێپرسینەوەی وەزیری دارایی كردبوو.

راشیگەیاند رەنگە وادەی لێپرسینەوەكە دوای لێپرسینەوەی سەرۆكی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان عەلی خویلدی بێت.

ئاماژەی بەوەشكرد پێویستە پێش كۆتایی هاتنی ئەم وەرزەی یاسادانان لێپرسینەوە لە وەزیری دارایی بكرێت لەسەر مایەپووچبوونی حكومەت لەسەر سیاسەتەكانی وەزیری دارایی.

دابەزاندانی بەهای دیناری عێراقی لە بەرامبەر دۆلاری ئەمریكاییدا كە نرخی 100 دۆلار لە 120 هەزار دینارەوە بووە 145 هەزار دینار گەورەترین كاردانەوەی لێكەوتەوە لەسەردەمی ئەم وەزیرەدا.

بە ڕای شارەزایانی ئابووری ئەم هەنگاوەی بانكی ناوەندی عێراق و وەزارەتی دارایی و حكومەتەكەی كازمی، بۆ رزگاركردنی خۆیان و كابینەكەیانە لە شكستێكی گەورەی دارایی كە ڕوبەڕوویان بووەتەوە.

شارەزایانی ئابووری دەڵێن: بەردەوام وڵاتە گەندەڵ و شكستخواردووەكان لە كاتی قەیرانەكاندا دەست بۆ دابەزاندنی بەهای دراوەكەیان دەبەن، كە زیانێكی گەورە بە ئابووری وڵات و ئایندەی و سەنگ و پێگەی وڵات لە دەرەوە دەگەیەنێت.