سەردێر

نرخی كارەبا لە هەرێم گران دەبێت

خەڵك-ئارام سەردار
نرخی كارەبا لە هەرێم گران دەبێت و وتەبێژی وەزارەتی كارەباش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە كە سەرچاوەی داهاتیان دینارە و پلان و پڕۆژەكان و خەرجیەكانیان بە دۆلارە.

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێم بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار كە لەلایەن بانكی ناوەندی عیراق بڕیاری لێدرا بڕیارێك بووە لەدەرەوەی ئیرادەی حكومەتی هەرێم و وەزارەتی كارەبا، چونكە سەرچاوەی داهاتمان دینارە و پلان و پڕۆژەكان و خەرجیەكانمان بەدۆلارە، ئەمەش وایكردوە حكومەت بۆمان قەرەبوو نەكاتەوە لەبەرامبەردا بەڕێژەی لە ٢٠٪ی نرخی كارەبا گرانتر بێت.

دەشڵێت، ئەوەی هەیە نیەتی وەزارەتی كارەبا نەبووە نرخ گران بكات، بەڵكو بۆ ڕاستكردنەوەی باری لاری داهات بووە بەهۆی دابەزینی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار، هەرچەندە ئەوەش بەشێكی كەمە و ناكاتە ئەو ئاستە كە ئێستا دۆلار نرخی بەرزترە بەرامبەر دینار.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆیەكەم جارە توانای بەرهەم هێنانی كارەبا گەیەنراوەتە نزیكەی ٤٠٠٠ هەزار مێگاوات، ئەوەش ئاستێكی باشە، بەڵام خواستی كارەبا نزیكەی ٧٣٠٠ میگاواتە، بەراوردیش بەساڵی ڕابردوو كاتەكانی پێدانی كارەبا زیاتر بووە هەرچەندە لەئاستی خواستی ئێمە نەبوو، بەڵام بەدانانی پێوەری زیرەك كە ٤٥٣ هەزار پێوەر دانراوە و چاككردنی تۆڕەكان چاوەڕوان دەكرێت كاتژمێرەكانی كارەبا زیاتر ببێت. باسی لەوەشكرد، زیاتر لەتڕلیۆنێك دینار قەرزی كارەبا لەسەرهاوبەشانی كارەبایە لەهەرێمی كوردستان.