خەڵك- بەشی هەواڵ
ماوەی چوار مانگە بەهۆی ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەرێم و عیراقەوە، مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی هەرێم، كە لەڕابردوودا خرانە سەر بەغدا نەدراوە و بەڕێوەبەری بەنداوەكانیش دەڵێت: “لە هەموو دەرگایەكمان داوە و تا ئێستا مووچەكەیان نەناردووە”.
ئەكرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێم بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، تا ئێستا گرفتی دابەشنەكردنی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانی هەرێم لەلایەن بەغداوە چارەسەر نەكراوە و وەكو خۆی ماوەتەوە و لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ڕاگیراوە.
ڕاشیگەیاند، حكومەتی عیراق ناردنی مووچەكەی بەستۆتەوە بە ڕێككەوتن و گفتوگۆكانی نێوان شاندی هەرێم و بەغدا و لە دەرگای زۆربەی بەرپرسانمان داوە و تا ئێستا چارەسەر نەكراوە.
ئاشكراشی كرد، كۆی فەرمانبەرانی بەنداوەكان، كە مووچەیان خراوەتە سەر عیراق نزیكەی 420 فەرمانبەرە و كۆی مووچەكە 370 ملیۆن دینارە و بڕێكی زۆر نییە.
جەختیشی كردەوە، تا ئێستا 4 مووچە نەدراوە و لێرەش حكومەتی هەرێم بەڵێنی داوە چارەسەری بكات، بەڵام تا ئێستا مووچەیان پێ نەدراوە.