سەردێر

“باج ناخرێتە سەر مووچەی فەرمانبەران”

لیژنەی دارایی دانانی باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران ڕەتدەكاتەوە.

لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، كۆی خەرجییەكانی دەوڵەت بۆ 130 ترلیۆن دینار كەمدەكاتەوە‌ و دانانی باجیش لەسەر مووچەی فەرمانبەران ڕەتدەكاتەوە. ئەندامێكی كوردیش دەڵێت، ئەو ماددانەی پەیوەستن بە پشكی هەرێم‌ و ڕادەستكردنی نەوت، دەستكاری نەكراوە‌ و چاوەڕێی پێشنیاری لایەنە شیعەكانین.

شیروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كەناڵی فەڕمی یەكێتی ڕاگەیاند، كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عیراق بەردەوامە‌ و پێداچوونەوە بۆ سەرجەم بڕگە‌ و ماددەكانی پڕۆژەیاساكە كراوە، بەڵام ئەو ماددانەی تایبەتن بە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان‌ و دۆسیەی نەوت، وەكو خۆی ماوەتەوە‌ و چاوەڕێی لایەنە شیعەكانن، بۆ ئەوەی كۆتا پێشنیاری خۆیان پێشكەش بكەن.

وتیشی، پێشنیاركراوە خەرجییەكانی دەوڵەت لە 164 ترلیۆن دینارەوە بۆ 130 ترلیۆن دینار كەمبكرێتەوە‌ و نرخی یەك بەرمیل نەوتیش لە 42 دۆلارەوە بۆ 45 دۆلار زیادبكرێت، بەوپێیەش كورتهێنانی بودجەی ئەمساڵ بۆ 30 ترلیۆن دینار كەمدەبێتەوە.

سەبارەت بە دانانی باجیش لەسەر مووچەی فەرمانبەران، شیروان میرزا وتی، لیژنەی دارایی پێشنیاری كردووە دانانی باج لەسەر مووچەی فەرمانبەران ڕەتبكرێتەوە‌ و لەبری ئەوە، یاسای باجی دەرامەت جێبەجێ بكرێت.

خەڵك – بەشی هەواڵ