سەردێر

نوێترین زانیاری لەسەر ڕێككەوتنی هەرێم و ناوەند

خەڵك-

ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، چاوەڕێ هەڵویستی یەكلاكەرەوەی شیعەكان دەكەین بۆ ڕێكەوتنی كۆتایی نێوان هەرێم و بەغدا.

لە ساڵی ڕابردووەوە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام تاكو ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن و بەپێی زانیارییەكانیش، كوتلە شیعییەكان لەسەر پرسی ڕێككەوتنی هەرێم و بەغدا بوون بە دوو بەشەوە و بڕیارە سبەینێ شاندی حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی بۆ ئەو پرسە بگەڕێتەوە بەغدا.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، سەردانەكەی سبەینێی شاندی كوردی هیچ جیاوازییەكی تێدا بەدی ناكەم.

وتیشی، “پێویستە شیعەكان خۆیان یەكلایی بكەنەوە بۆ ئەوەی بابەتەكە یەكلایی بكەینەوە”.

ئاشكراشیكرد، كورد خۆی یەكلایی كردۆتەوە و دەڵێت: “لەگەڵَ ئەوەم، كە لە حكومەت هاتووە”، بەڵام شیعە بوون بە دوو بەش و لیژنەی دارایی پێی وتوون، “خۆتان یەكلایی بكەنەوە، كە چیتان دەوێت، تاكو بزانین چیمان پێدەكرێت و لەگەڵ یەكتر ڕێكبكەوین” ئێمەش چاوەڕێ ئەوان دەكەین.