نرخی پەینی كیمیایی گران دەكرێت

بەهۆی گرانكردنی نرخ لەلایەن چەند كۆمپانیا و بازرگانێكەوە، جوتیاران دەنگی ناڕەزایەتییان لێ‌ بەرزبۆتەوە

سەردێر

خەڵك-
بەهۆی قۆرخكاری لە هێنان و گرانكردنی نرخ لەلایەن چەند كۆمپانیا و بازرگانێكەوە، جوتیاران دەنگی ناڕەزایەتییان لێ‌ بەرزبۆتەوە و جێگری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی-ش ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر خەتین بۆ ڕێگری لە گرانكردنی نرخ و سزادانی هەر كەسێك قۆرخكاری بكات و ئاسانكاری بۆ هەر كۆمپانیایەكیش دەكەین، كە بیەوێت پەینی كیمیایی و یۆریا بهێنێت.

سۆران زرار باپیر، كە جوتیارێكە و خاوەنی ڕەز و باخێكی زۆرە ڕایگەیاند، هەموو ساڵێ لە وەرزی چاندنی گەنم و دانەوێڵە و سەوزەوات و پەیین كردنی باخ و ڕەزەكان، بەتایبەت ئێستا كە كاتی زیاد كردنی كۆتی سپیە (یۆریا) بۆ گەنم و دانەوێڵەكان، نرخەكەی بەرز دەكرێتەوە و قۆرخ دەكرێت لەلایەن كۆمپانیاكان و بازرگانەكانی هێنانی پەیین.

وتیشی، “هەندێ جار هەتا 10 هەزار دینار زیاتر لەنرخی خۆی دەفرۆشرێت و وەك ئاشكراشە ئەم پەیینە لە وڵاتی ئێرانەوە دەهێنرێ و نرخەكەی زانراوە لەشوێنی خۆی، بەڵام قۆرخ كراوە”.

ئەو جوتیارە داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەكات، “بڕی ئەو پەینەی بەنرخی پاڵپشتی كراو لەلایەن وەزارەتەوە لە فەرمانگە كشتوكاڵییەكان دابەش دەكرێ بەسەر جووتیاراندا زیاد بكرێت، چونكە ئەوەی دابەش دەكرێ تەنها 5%ی پێداویستی جووتیار پڕ دەكاتەوە”.

لای خۆیەوە، ڕزگار حەمەخدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجەوە لە ئێستادا ناتوانن پەینی كیمیایی و یۆریا بكڕن و بەنرخی هەرزانتر دابەشی بكەن بەسەر جوتیاراندا، بەڵام هەموو ئاسانكارییەكمان كردووە بۆ ئەو كۆمپانیایانەی هەڵدەستن بە هێنانی ئەو بابەتە كشتوكاڵیانە تاوەكو زۆرترین بڕ بهێنن و بەنرخی هەرزان بیفرۆشن بە جوتیاران.

ڕاشیگەیاند، لەسەر بابەتی قۆرخكاری و گرانكردنی نرخ وەزیری كشتوكاڵ ئاگادار كراوەتەوە و لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی وەكو ئاسایش و گومرك و دەروازە سنوورییەكان و لیژنەكانی چاودێری لەپەیوەندیدان تاوەكو ڕێكاری پێویست بگیرێتە بەر بەرامبەر هەر كارێكی قۆرخكاری و گرانفرۆشی.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەشێكی هۆكاری گران كردنی نرخی كاڵا و شمەكەكان بەگشتی دەگەڕێتەوە بۆ دابەزاندنی بەهای دینار لەلایەن عیراقەوە، بەڵام بەهەموو شێوەیەك هەوڵەكانمان چڕكردۆتەوە تاوەكو كۆمپانیای زیاتر هانبدەین بۆ هێنانی كەلوپەل و پێداویستی كشتوكاڵی كارئاسانییان بۆ دەكەین تاوەكو نرخەكان هەرزان ببن.

No photo description available.