سەردێر

لیژنەی دارایی: باج دەخرێتە سەر هەموو مووچەخۆران

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، چارەنوسی مۆڵەتی پێنج ساڵ بۆ فەرمانبەران ئاشكرا دەكات و ئاماژە بە باجی سەر مووچەخۆرانیش دەكات لە پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ساڵی 2021.

سیهام عگێلی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق بە ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە”یاسای بودجەی گشتی 2021، پێدانی مۆڵەتی پێنج ساڵ بە فەرمانبەران لەخۆدەگرێت بە مووچەی بنەڕەتی، باجی داهاتیش لە یاسا نوێیەكەدا، ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە كە داواكارییان بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی پێنج ساڵ پێشكەش كردووە”.

بە وتەی عگێلی”یاسای نوێی باجی داهات جێبەجێدەكرێت و هەموو فەرمانبەرانی دەوڵەت لە سەرۆكایەتییەكان و وەزارەتەكان و دامەزراوەكان دەگرێتەوە، بەپێی ڕێنماییەكانیش لە یاساكەدا، ڕێژەی لێبڕینەكان جیاوازن و دەكەوێتە سەر ئەوەی هاوسەرەكەی فەرمانبەر بێت، لەگەڵ ژمارەی منداڵ”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی دەڵێت”لیژنەكەیان بڕگەیەكی نوێی زیادكردووە كە پشتیوانییە بۆ هەردوو كەرتی گشتی و تایبەت”، ئاماژەی بە ئامادەبوونی یاسای بودجەی 2021یش كرد بۆ دەنگدان لە هەفتەی داهاتوو.