سەردێر

باس لە سودەكانی كەمكردنەوەی نرخی دۆلار دەكرێت

خەڵك-
ئیحسان كینانی، پسپۆڕی ئابوری عیراقی ڕیدەگەیەنێت، دوو لایەنی ئەرێنی هەیە گەر پشتیوانی لە داواكارییە پەرلەمانییەكان بكرێت بۆ دابەزاندنی نرخی دۆلار بۆ 1300 دینار لە بودجەدا.

كینانی لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”پەرلەمان لەئێستادا ڕووی لە نرخی خەرجی فەرمییە لە بودجەدا كە 1450 دینارە و زیانێكی گەورەی بە هاووڵاتیان و بازرگانان گەیاندووە و وڵاتی دووچاری تەنگژەیەكی ئابوری كردووە”.

بە وتەی ئەو پسپۆڕە ئابورییە”داواكاریی هەندێك لە لایەنە سیاسییەكان بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار بۆ 1300 لە بری 1450، چارەسەرێكی گونجاوە بۆ ئەو كێشانەی هاووڵاتی عیراقی بەدەستییەوە گیرۆدەیە، بە رێگەچارەیەكی مامناوەندیش دادەنرێت كە تێیدا هەم حكومەت و هەم هاووڵاتیش لە یەك كاتدا سودمەند دەبێت”.

ئیحسان كینانی پێیوایە”بەرزبوونەوەی نرخی نەوت فاكتەرێكی ئەرێنییە بۆ تێپەڕاندنی كورتهێنان لە بودجەدا، بە تایبەت دوای ئەوەی پەرلەمان زۆرێك لە خەرجییەكانی كەمكردەوە، بۆیە دەكرێت ئابوری عیراق و ڕەوشی دارایی ببوژێتەوە لە حاڵەتی درێژەكێشانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەرو 60 دۆلار بۆ بەرمیلێك، وێڕای دۆزینەوەی چارەسەری كاریگەر بۆ كۆرۆنا كە بە هەمان شێوە نرخی نەوت بەرزدەكاتەوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە هاوینی داهاتوودا نرخی بەرمیلێك نەوت بگاتە 60 دۆلار، ئەم لایەنە ئەرێنیانەش هۆكارن بۆ ئەوەی پێویست نەكات نرخی دۆلار لەم ئاستەی ئێستادا بهێڵرێتەوە”.

سێ‌ شەممەی ڕابردوو ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق، بە فەرمی داواكارییەكی بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشكەش كرد و داوا كرد نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی بۆ 130 هەزار دیناری عیراقی كەمبكرێتەوە.

بەپێی بەڵگەنامەیەك كە لەلایەن میدیاكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”عەممار توعمە ئەندامی پەرلەمانی عیراق، داواكارییەكی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە كە 6 دەستكاریی لە بودجەی 2021 لەخۆدەگرێت، لەنێوان ئەو دەستكاریانەشدا، كەمكردنەوەی نرخی دۆلارە بۆ 1300 دینار و هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچەی توێژێكی دیاریكراوی فەرمانبەرانە”.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عیراق، دای كردووە، لێبڕینی مووچە لە بودجەی دارایی 2021، ئەو فەرمانبەرانە نەگرێتەوە كە مووچەكەیان لە ملیۆنێك و پێنج سەد هەزار كەمترە.

بە گوێرەی هەواڵ، داواكارییەكەی عەممار توعمە لەلایەن 113 پەرلەمانتارەوە پشتیوانی لێكراوە.