سەردێر

پەرلەمان هەوڵ دەدات نرخی دۆلار كەمبكاتەوە

خەڵك-
ئەندامێكی پەرلەمانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، لیژنەی دارایی پێشنیارەكانی سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی 2021 پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكات، ئاماژە بەو هەوڵانەش دەكات كە لەلایەن پەرلەمانەوە بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار لە بودجەدا خراونەتەگەڕ.

زەهرە بەجاری، ئەندامی پەرلەمانی عیراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”لیژنەی دارایی بەردەوامە لە گفتووگۆكانی لەسەر بودجە و دەستكاریكردنی بڕگە جیاجیاكانی، ئەو قەرزانەی حكومتیش داوای كردوون لە سندوقی نێودەوڵوەتی دراو، گومانیان لەسەرە”.

بە وتەی بەجاری”تێبینی هەیە لەسەر كارەكانی حكومەت و داواكردنی قەرز لە سندوقی نێودەوڵەتی دراو، بەو پێیەی مایەی سەرسوڕمانە و كارێكی ناڕۆشنە، بۆیە لیژنەی دارایی بەردەوامە لە كارەكانی لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی 2021، پێشنیارەكانیشی لەو بارەیەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرزدەكاتەوە”.

ئەندامەكەی پەرلەمانی عیراق دەڵێت”پەرلەمان لەئێستادا كار بۆ كەمكردنەوەی نرخی دۆلار دەكات لە بودجەدا”.

دوێنێ‌ سێ‌ شەممە، لیژنەی ئابوری و وەبەرهێنانی پەرلەمان ڕایگەیاند، پەرلەمان و لیژنەی دارایی، كار بۆ كەمكردنەوەی ڕێژەی كورتهێنان دەكەن لە بودجەی گشتی ساڵی 2021.