سەردێر

نرخی نەوت 56 دۆلاری تێپەڕاند

خەڵك- بەشی هەواڵ
لە دوای بڵاوبوونەوەی زانیارییەكانی تایبەت بە دابەزینی ناچاوەڕاوانكراوی عەمباری نەوتی خاو لەلایەن پەیمانگەی پترۆڵی ئەمریكایی، نرخی نەوت ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد.

سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ چوار شەممە، بەرمیلێك نەوتی برێنت بەڕێژەی 0.66% ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و گەیشتە 56.28 دۆلار، بە هەمان شێوە بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكایی خۆرئاوای تەكساس بەڕێژەی 0.67%دا ڕووی لە بەرزبوونەوەی كرد و گەیشتە 52.96 دۆلار.

عەمبارەكانی نەوتی خاوی ئەمریكایی بە بڕی 5.3 ملیۆن بەرمیل لە 22ی ئەم مانگەدا ڕووی لە دابەزین كرد و گەیشتە 481.4 ملیۆن بەرمیل، شرۆڤەكارانیش بۆ ئاژانسی (رۆیتەرز)، پێشبینی زیادبوونی بڕەكەیان كردبوو بە 430 هەزار بەرمیل.
پەیمانگەی پترۆڵی ئەمریكایی دەڵێت، عەمباری بەنزینی بۆ 3.1 ملیۆن بەرمیل بەرزبۆتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە كە پێشبینی دەكرا 1.8 ملیۆن زیادبكات.

عەمباری بەرهەمە نەوتییەكانی وەك دیزل و نەوتی سپی، بە بڕی 1.4 ملیۆن بەرمیل زیادی كرد، بەراورد بە پێشبینی دابەزینی بە بڕی 361 هەزار بەرمیل.

بەپێی زانیارییەكان، بەرهەمەكانی نەوتی خاوی ویلایەتە یەكگرتووەكان، لە هەفتەی ڕابردوودا، بە بڕی 470 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا كەمی كرد.