سەردێر

حكومەت دەربارەی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار هاتەدەنگ

خەڵك-
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژكای ئابوری و دارایی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، باس لە مەترسییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار دەكات لە دوای پەسەندكردنی بودجەی دارایی ساڵی 2021 لەلایەن پەرلەمان و دەڵێت، “ئەو مەترسیانە بێ‌ بنەمان”.

مەزهەر محەمەد ساڵح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”قسەكردن لەبارەی بوونی مەترسی لەسەر بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی دۆلار لەدوای پەسەندكردنی بودجەی 2021 لەلایەن پەرلەمانەوە، زێدەڕۆییە و و بوونی نییە، لە دوای پەسەندكردنی بودجەوە هیچ گۆڕانكارییەك بەسەر نرخی دۆلاردا نایەت لەبەرانبەر دیناری عیراقی”.

بە وتەی ساڵح”بانكی ناوەندی عیراق، بڕی تەواوی یەدەگی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بانكەكە میكانیزمی هەیە بۆ جێگیركردنی نرخی دراوەكە وەك لە بودجەدا هاتووە، توانای ئەوەشی هەیە دەستوەردان بكات بۆ پارێزگاریی لە جێگیركردنی نرخی دۆلار، بۆیە قسەكردن لەسەر مەترسییەكان، زێدەڕۆییە و هیچ بنەمایەكی نییە”.

پێشتر جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عیراق ڕایگەیاندبوو، گێڕانەوەی نرخی دۆلار بۆ نرخی پێشووی، لەئێستادا زۆر قورسە، بازاڕەكانی ناوخۆش لەدوای پەسەندكردنی بودجەی دارایی ساڵی 2021، جێگیردەبن.