سەردێر

لیژنەی دارایی: نرخی دۆلار كەم ناكرێتەوە

خەڵك-
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق ڕەتیدەكاتەوە، پەرلەمان بتوانێت گوشار بخاتە سەر حكومەت تا نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا كەمبكرێتەوە و دەڵێت: “فراكسیۆنەكان لەو بارەیەوە داواكارییان پێشكەش كردووە، بەڵام داواكارییەكان بێ‌ سوودن”.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی پەرلەمانی عیراق بە (خەڵك)ی ڕایگەیاند، “هەندێك لە فراكسیۆنە پەرلەمانییەكان داوایان كردووە، نرخی دۆلار لە بازاڕەكاندا بۆ خوار ئاستی ئێستای داببەزێنرێت”.

وتيشى، “هەموو فراكسیۆنێك دەتوانێت داواكاری زۆر زیاتر لەوە پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان بكات، بەڵام ئەو داواكارییانە سەرناگرن و نرخی دۆلار بەمشێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە”.

بەپێی بەڵگەنامەیەك، كە پێشتر لەلایەن میدیاكانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە، عەممار توعمە، ئەندامی پەرلەمانی عیراق، داواكارییەكی پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كردووە كە 6 دەستكاری لە بودجەی 2021 لەخۆدەگرێت، لەنێوان ئەو دەستكاریانەشدا، كەمكردنەوەی نرخی دۆلارە بۆ 1300 دینار و هەڵوەشاندنەوەی لێبڕینی مووچەی توێژێكی دیاریكراوی فەرمانبەرانە.