سەردێر

لە 23 نەخۆشخانە و دەرمانخانەی سلێمانی نرخی دەرمان هەرزان كرا

خەڵك-
كۆمپانیایەكی دەرمان لە سلێمانی بڕیاریدا بەڕێژەی 15% داشكاندن بۆ نرخی دەرمان بۆ كەمئەندامان و 5% بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەكان و نەخۆشییە دەروونییەكان بكات و لە 23 نەخۆشخانە و دەرمانخانە ئەو داشكاندنە بەردەستە و بۆ كەمئەندامی بەپێناس یان نووسراوی پشتگیری دەبێت.

بەپێی نووسراوێكی كۆمپانیای (مێدی سێڵ)ی تایبەت بە دەرمان، كە واژۆی د. دارا عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كۆمپانیاكەی لەسەرە و ئاڕاستەی (23) نەخۆشخانە و كلینیك و دەرمانخانە كراوە لە سلێمانی، بڕیار دراوە بە داشكاندنی 15%ی نرخی دەرمان بۆ كەمئەندامان و كەسی یەكەمیان.

هەر بەپێی نووسراوەكە، داشكاندنی نرخەكان بەڕێژەی 5% بۆ دەرمانە درێژخایەنەكان و 5% بۆ ماددەی نەخۆشییە دەروونییەكان دەگرێتەوە.

سامان حسێن، سكرتێری كۆمەڵەی كەمئەندامانی كوردستان بۆ (خەڵك) وتی، “ڕێكخراوی (مێدی سێڵ) بڕیاریدا بە كەمكردنەوی نرخی دەرمان بە ڕێژەی ( 15٪ ) بۆ كەمئەندامان و كەسی یەكەمیان لەو دەرمانخانە و كلینیكانەی ناویان لە نووسراوەكەیاندا هاتووە و دیاری كراون بۆ ئەو مەبەستە”.

وتیشی، “سوپاس و دەستخۆشیمان هەیە بۆ ڕێكخراوی مێدی سێڵ و ئەو دەرمانخانە و كلینیكانەی ئەو هەڵوێستە جوانەیان هەبووە”.

No photo description available.

No photo description available.