سەردێر

“كڕین و فرۆشتن بە پڕۆژەیەكی نزیك عەلوەی سلێمانی دەكرێت”

خەڵك-
دوابەدوای دەستپێكردنی پڕۆژەی دروستكردنی كۆمەڵگەی گەنجینەی ساردكەرەوە (بەڕاد) لە ئێستادا وەك ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، ئەو پڕۆژەیە وەكو عەلوە لەلایەن چەند كەسێكەوە كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت.

ڕێكەوت زەكی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ (خەڵك) ئاماژەی بەوەكرد، لەنزیك عەلوەی كۆنی سلێمانی لە ھوانە پڕۆژەی (كۆمەڵگەی گەنجینەی ساردكەرەوە و ئاسایی) دروست دەكرێت و مۆڵەتەكەی تەنھا بۆ ئەو مەبەستەیە و بۆ عەلوە نییە.

ڕاشیگەیاند، ھەندێك كەس وەك عەلوە و قاتعی عەلوە مامەڵەی كڕین و فرۆشتنی پێوە كردووە، دیارە دوور و نزیك ئەم زەوییە و مۆڵەتەكەشی بۆ عەلوە نییە، چونكە تەنھا ماوەیەكی كورت لە عەلوەكەی ھوانەوە دورە و ناكرێت ھەمان جۆر دوو چالاكی وەبەرھێنان بەو جۆرە لەنزیك یەكەوەبن.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن داوا لەو كەسانە دەكات، كە كڕین و فرۆشتنیان بەنیازی عەلوە بەم جێگەوەیە كردووە، بەمامەڵەكانیاندا بچنەوە و دەشڵێت: “بەپێی بەدواداچوونەكانی ئێمە لەگەڵ كشتوكاڵ و وەبەھێنان و شارەوانی، جگە لەبەڕاد ئەم پرۆژەیە بۆ ھیچ چالاكیەكی دیكە ڕێگەی پێنادرێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، لەھەر حاڵەتێكی لادان لەمۆڵەتەكە بێگومان لیژنەی پلان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ھەموو ڕێگەیەكی یاسایی و ئسوڵی دەگرینە بەر.