سەردێر

“ناردنی نەوت بەسوودە”

ئەمڕۆ یەک شەممە شاندێکی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی وەزیری دارایی و ئابووری هەرێم سەردانی بەغداد دەكەن و بڕیارە زنجیرەیەک کۆبوونەوە بەمەبەستی گەشتن بەڕێكکەوتن لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمەوە ئەنجامبدەن.

ڕاوێژکارێکی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ڕایدەگەیەنێت، ڕادەستکردنی بەهای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێم لەزیانی هاوڵاتییان و لەقازانجی دەسەڵاتدارانی هەرێمە.

ئەمین بەکر، ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە(خەڵک)ی ڕاگەیاند، لەپڕۆژە یاسای بودجەی عیراقدا نوسراوە، کە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان بەهای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و 50%ی داهاتی خاڵە سنوورییەکان ڕادەستی حکومەتی عیراق بکات.

ڕوونیکردەوە، ئەمەی لەپڕۆژە یاساکەدا هاتووە پێشتر حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق لەسەری ڕێککەوتوون، بەڵام هێزە سیاسییە شیعەکان بەم ڕێکكەوتنە ڕازینابن.

باسی لەئەوەشکرد، ئەم تێكستەی نوسراوە لەقازانجی دەسەڵاتدارانی هەرێمە، بەڵام زۆر لەزیانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لەبەرئەوەی حکومەتی هەرێم دەبێت ٧٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی حکومەتی عیراق بکات، بۆ ئەوەی بەهای نەوتەکەی یەکسانبێت بەبەهای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی عیراق، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە، کە حکومەتی هەرێم نەوتەکەی هەرزانتر لەحکومەتی عیراق دەفرۆشێت.

زیاتر ڕوونیکردەوە، ڕازیبوون بەوەی بەهای ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی عیراق بکرێت، زیانێکی گەورەی ئابووری و دارایی دروستدەكات، چونکە پارەیەکی کەم لەبودجەدا بۆ هەرێم دەنێردرێت، واتە پارەیەکی زۆر لەهەرێم دەبڕدرێت، ئەم پارەیەش مافی خەڵکە، مافی دەسەڵاتداران نییە لەو پارەیە خۆشبن، لەڕووی ئابووریشەوە کەمی هاتنی پارە کاریگەری نەرێنی لەسەر جموجوڵی بازرگانی و ژیانی خەڵک دەبێت.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی لەقازانجی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستانە ئەوەیە، کە حکومەتی هەرێم نەوت ڕادەستی حکومەتی عیراق بکات، نەک خۆی بیفرۆشێت و داهاتەکەی بداتە حکومەتی عیراق.

ئاماژەی بەئەوەشدا، لایەنە عیراقییەکان نایانەوێت حکومەتی هەرێم نەوت ڕادەستبکات، چونکە بەم هەنگاوە دەبێت حکومەتی عیراق پارەی زیاتر بۆ هەرێم بنێرێت، بەڵام کاتێک لایەنە عیراقییەکان ئەم مەرجانەیان بۆ هەرێم داناوە، خۆیان دەزانن کە هەرێم بەستراوی کۆمەڵێک گرێبەستی نەوتییە، بەجۆرێک کە بەئاسانی ناتوانێت خۆی لێ دەربازبکات.

ئاماژەی بەئەوەشدا، حکومەتی عیراق فشار ناکاتە سەر هەرێم بۆ ئەوەی نەوت ڕادەستی عیراق بکات، بەڵکو دەبێت لەناوخۆی هەرێمەوە فشاری مەدەنی بکرێتە سەر دەسەڵات، بۆ ئەوەی نەوت ڕادەست بکات.

وتیشی: دەبێت خەڵکی کوردستان بەئەمە ڕازینەبن، تاکو کەی بەرگەی ئەم ناڕەحەتی و نەدارییە دەگرن، لەکاتێکدا ئەو کارانەی دەسەڵات دەیانکات ناچنە بەرژەوەندی خەڵکەوە.

زیاتر ڕوونیکردەوە، فشاری شەقام کەم نییە، بەڵام بەشێوەیەکی ڕێکخراو و مەدەنی، نەک بەپەرشوبڵاوی، بەداخەوە هێزە سیاسییەکانیش کەسیان وەک پێویست لەگەڵ هاوڵاتییاندا ڕاستگۆنین، بۆ ئەوەی فشارەکان ئەنجامی ئەرێنییان هەبێت.

خەڵک – نزار جەزا