سەردێر

سبەینێ‌ مووچەی سێ‌ وەزارەت دابەش دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
دابەشكردنی مووچەی مانگی یەك-ی فەرمانبەرانی هەرێم دەستپێدەكات، بەڵام بە لێبڕینی 21% و چارەنووسی 7 مووچەی ساڵی ڕابردووش نادیارە.

بەپێی ئەو خشتەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم بڵاویكردۆتەوە، سبەینێ‌ یەك شەممە 24-1-2021 دابەشكردنی مووچەی مانگی یەك-ی فەرمانبەران بە لێبڕینی 21% بۆ فەرمانبەران و 50% بۆ پلە باڵاكان دەستپێدەكات.

بەپێی خشتەكە، سبەینێ‌ مووچەی وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پێشمەرگە (دیوان و لیواکان و یەکەی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە) و وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری خەرج دەكرێت.

هەر بەپێی خشتەكە، تا كۆتایی هەفتە مووچەی سەرجەم وەزارەت و سەرۆكایەتییەكان و خانەنیشنان و كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دابەش دەكرێت.

بەپێی ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی، كە میدیاكانی پارتی بڵاویانكردەوە، ئەو مووچەیەی دابەش دەكرێت مووچەی مانگی یەك-ی 2021 دەبێت و بەوەش مووچەی 7 مانگی ساڵی ڕابردوو (4 و 5 و 6 و 7 و 8 و 11 و 12) چارەنووسیان نادیارە و فەرمانبەران نازانن ئاخۆ لە داهاتوودا وەریدەگرنەوە یان پاشەكەوت دەكرێت یان ئەویش بەپێی ئەو لێبڕینەی دەكرێت، كە ناچێتە چوارچێوەی قەرزی سەر حكومەتەوە.