سەردێر

لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران بۆ ئەمساڵ یەكلایی كرایەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ
سەرەڕای ئەوەی لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021دا حكومەتی عیراق خشتەیەكی بۆ لێبڕینی مووچە دیاری كردبوو، بەڵام لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق ئەوەی ڕەتكردەوە و دوای تاوتوێ‌ كردنی چوار بژاردە دواجار بڕیار لەسەر بژاردەی “پەیڕەوكردنی یاسای باجی دەرامەت” درا.

بەپێی پڕۆژە یاسای بودجە، حكومەتی عیراق ڕێژەی لێبڕینی لە مووچە بۆ ساڵی 2021 دیاری كردبوو بە خشتەیەك، كە لە مووچەی 750 هەزار دینارەوە بۆ سەرەوە و بەڕێژەی 3.3% دەستی پێدەكرد، كە دەیكردە 25 هەزار دینار و بۆ ملیۆنێك دیناری مووچە دەیكردە 50 هەزار دینار و بەو جۆرەش تاوەكو مووچە زیاتر بوایە ڕێژەی لێبڕینەكە زیاتر دەبوو.

جەمال كۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عیراق بۆ (خەڵك) ئاشكرای كرد، بۆ بابەتی لێبڕینی مووچەی فەرمانبەران چوار بژاردە هەیە، كە یەكەمیان ئەو بژاردەیەیە، كە حكومەت لەناو پڕۆژە یاساكە جێگیری كردووە و بژاردەی دووەم بریتیە لە بەرزكردنەوەی ئاستی ئەو مووچەیەی لێبڕین دەیگرێتەوە، كە ئێستا لە 550 هەزار دینارەوە دانراوە و بۆ ئەوەش گەیشتوینەتە ئەو بۆچوونەی بكرێتە سەرووی ملیۆنێك دینار.

وتیشی، “بژاردەی سێیەم بریتییە لە جێبەجێ‌ كردنی یاسای باجی دەرامەتی ژمارە 113 و بژاردەی چوارەم ئەوەیە، كە بەتەواوی لێبڕین لاببرێت و ڕەتبكرێتەوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، لیژنەكەیەان كۆمەڵێك گۆڕانكاری كردووە لە ناو پڕۆژە یاساكە وەكو ئەوەی بودجەی حاڵەتی لەناكاو لە 500 ملیار دینارەوە بۆ 150 ملیار دینار كەمكراوەتەوە و نرخی بەرمیلێك نەوت بە 42 دۆلار خەمڵێنرابوو، ئێمە كردومانە بە 45 دۆلار و بەوەش 5 ترلیۆن دیناری زیاتر بۆ حكومەت دەستەبەر دەبێت.

ئەو پەڕلەمانتارە كوردە ڕوونیشی كردەوە، بۆ بابەتی لێبڕینی مووچە زیاتر لەسەر ئەوە ڕێككەوتن كراوە، كە پەنا ببرێتە بەر جێبەجێ‌ كردنی یاسای باجی دەرامەت و بەوەش حكومەت بڕی 2 ترلیۆن و 600 ملیۆن دیناری بۆ دەگەڕێتەوە لەكاتێكدا بەپێی پێشنیارەكەی حكومەت 4 ترلیۆن دیناری دەستدەكەوت.

ڕاشیگەیاند، تا ئێستا ئەوەی بە جێگیری ماوەتەوە تەنها نرخی بەهای دۆلارە بەرامبەر بە دینار، كە دەستكاری نەكراوە.