سەردێر

زەنگەنە: دەگەڕێینەوە نێو بازاڕی نەوت

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزیری نەوتی ئێران هیواخوازە ئیدارەی جۆ بایدن سزاكانی سەر ئێران لاببات بۆ ئەوەی وڵاتەكەی دووبارە بگەڕێتەوە نێو بازاڕی نەوت.

بیژەن نامدار زەنگەنە وەزیری نەوتی ئێران، ئەمڕۆ هەینی 22/1/2021 لە كاتی بەشداریكردنی لە 25هەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی نەوت و گاز و بەرهەمە پێترۆكیمیاییەكان لە تاران ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئیدارەی ترەمپی بێهیوا كرد لەوەی بتوانێت هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سفر دابەزێنێت.

وەزیری نەوتی ئێران وتیشی: “دوژمنەكەمان و ترەمپ دەیانویست ئێمە لەنێو ببەن، ئێمە بمرین و هەناردەكەمان بە سفر بگات. نە هەناردەكەمان بە سفر گەیشت و نە هەناردەی بەرهەمە نەوتیەكانمان. ئێمە لە هەناردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكاندا لە ماوەی سزاكاندا ئاستێكی پێوانەییمان لە مێژووی خۆماندا تۆماركرد. داخی ئەوەی كە ئاستی هەناردەكانی ئێران بە سفر بگەیەنن، لە جگەریانماندا هێشتەوە”.

بیژەن نامدار زەنگەنە هەروەها باسی لەوەش كرد، وێڕای سزاكان، ئاستی هەناردەكردنی نەوتی ئێران گەیشتووەتە ئاستێكی پێوانەیی.
وەزیری نەوتی ئێران وتیشی: “ترەمپ و پۆمپیۆ و هزرە تاوانكارییەكەیان مردن و چوونە نێو زبڵدانی مێژووەوە، بەڵام ئێمە هێشتا زیندووین و هەر ماوین”.

جێی ئاماژەیە، دوای ئەوەی كە لە ساڵی 2018 ترەمپ لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی كشایەوە و سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، داهاتی نەوتی ئەو وڵاتە دابەزینێكی زۆری بە خۆیەوە بینی.