سەردێر

“لێبڕینی مووچە زیاتر دەبێـت”

خەڵك- بەشی هەواڵ

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەو داهاتەی ئێستا لەبەردەم حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە بەشی تەواوی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ناكات، حكومەتی هەرێمی كوردستان ناتوانێت 30 ڕۆژ جارێك بەتەواوەتی مووچەی مووچەخۆرانی خەڵكی كوردستان دابین بكات.

بەڵێن ئیسماعیل كە ئەندامی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ دەنگی ئەمریكا وتی: داهاتی ئێستای هەرێمی كوردستان خۆی دەدات لەنزیكەی 400-450 ملیۆن دۆلاری مانگانە، كە بێگومان ئەمە زۆر زۆر كەمترە لەو ڕێژەیەی كە پێویست دەكات بۆ مووچەی فەرمانبەران.

دەشڵێت: حكومەت بەو داهاتەوە مەبەستی بێت ئەو داهاتەی كە ئێستا لەبەردەستیدایە، مووچە 30 ڕۆژجارێك دابەش بكات بێگومان ڕێژەی لێبڕینەكە زۆر زۆر بەرز دەبێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی نزیك لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیاردراوە لە مەودوا مانگانە 30 رۆژ جارێك مووچە دابەشبكرێت بەپێی داهاتی بەردەستی و وەزارەتی دارایی دەستی كراوە دەبێت لە رێژەی لێبڕینی مووچە.