سەردێر

عیراق، بەمزوانە بودجە پەسەند دەكرێت

خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق، وادەی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی گشتی ئاشكرا دەكات.

بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن ماجیدە تەمیمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراقەوە بڵاوكرایەوە”كۆبوونەوەكانی لیژنەكەیان بەردەوامن لەگەڵ میوانداریكردنی لایەنە فەرمییەكان، بۆ هەڵوەستەكردن لەسەر زانیارییە وردەكانی تایبەت بە وەزارەت و دامەزراوەكان، لەپێناو ڕونكردنەوەی هەندێك بڕگە و ماددە و سودە ئابورییەكانیان، ئەمەش بۆ زەمینەسازی لەپێناو بڕیاردان لەسەر ئەو خاڵانەی ناكۆكییان لەسەرە و بونەتە ئاستەنگ”.

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە”كاریی بەردەوامی ئەو لیژانەی لەلایەن ئەوانەوە پێكهێنراون بەردەوامن، تا ڕاپۆرت و وردەكاریی لەسەر بودجەی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و وەزارەتەكان و دامەزراوە و دەزگاكان پێشكەش بكەن، ئەمەش لە سۆنگەی ئاڵوگۆڕكردنی دید و بۆچوونەكان، لەپێناو یەكلایی كردنەوەی خاڵە ناكۆكەكانی پەیوەست بە بودجەی 2021 كە لێوەی خەرجییەكان كەمدەكرێنەوە و داهاتەكان زیاد دەكرێن”.

تەمیمی دەڵێت”هیواخوازن لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا بودجە لە پەرلەمان بخرێنە دەنگدانەوە”.