سەردێر

كرێكاران بێكارن

خەڵك- بەشی هەواڵ

لەساڵی ٢٠٢٠دا ١٠ كرێكاری ناوخۆیی گیانیان لەدەستداوە كە چوار كرێكار دەستەبەریان هەبووە بەپێی ئامارەكانی سەندیكای كرێكاران.

حەسەن ڕەمەزان، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان لە هەولێر لەكۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو بەهۆی ئەو بارودۆخەی ڕووبەڕووی جیهان و هەرێمی كوردستان بووەوە لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا، كاریگەری قوڵی هەبووە لەڕووی ئابوورییەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەهەزاران كرێكار كارەكانیان لەدەست بدەن بەهۆی وەستانی پڕۆژەكان، ئەمە وێڕای ئەوەی بەدەیان كێشەی كرێكاران چارەسەركراون.

دەشڵێت، بەپێی ئامارەكانی سەندیكاكانی كرێكارانی كوردستان لەساڵی ٢٠٢٠دا ١٠ كرێكاری ناوخۆیی گیانیان لەدەستداوە كە چوار كرێكار دەستەبەریان هەبووە.

وتیشی، لەكۆی ١٢ هەزار و ٥٥٩ كرێكاری ئەندام ٥٢٦ ئەندام لەڕەگەزی مێیینەن لەڕێگای ١٢١ لیژنەوە كارەكانی كرێكاران ڕێكخستنیان بۆ دەكرێت لەشوێنی كاردا، هەزار و ٦٢٢ كرێكاریش لەشوێنی كاردا بەسەركراونەتەوە.

باسی لەوەشكرد، ئێمە داواكارین كرێكارانی بیانی كە بەنایاسایی هاتوون ڕەوانەی شوێنەكانی خۆیان بكرێنەوە، چونكە بارگرانین بۆ سەر كرێكارانی خۆمان، دەكرێت ئەوانەی دەست ڕەنگینن كرێكاری خۆمان ڕابهێنن و بۆ ئەوەی هەلی كاری زیاتر بۆ كڕێكاری ناوخۆیی دابین بكرێت، چونكە كرێكاری بیانیش هەبووە بەناوی گەشتیاری هاتووە نەگەڕاوەتەوە یان ئیقامەی تەواو بووە و لێرە كاردەكەن، لەمەشدا حكومەت و پەڕلەمان پێویستە ئاوڕ لەژیانی كرێكاران بدەنەوە، بەتایبەت وەڵامی ئەو یاداشتە پێنچ خاڵییەی كە لە ١ی ئایاری ٢٠١٩ پێشكەش پەڕلەمانیان كردووە بەڵام ماوەی دوو ساڵە هیچ ئەنجامێكی نەبووە.