سەردێر

عیراق دوو بژاردە بۆ بودجە و مووچەى فەرمانبەران دەداتە هەرێم

خەڵك- بەشی هەواڵ
كۆبوونەوەكانی لیژنەی دارایی عیراق لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی فیدڕاڵی و پشكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و ئەندامێكی لیژنەكە دەڵێت: “بەغدا ئامادەیە هەموو مەلەفی نەوت وەربگرێت بەهەموو تێچوونەكانیەوە و ئەگەر ئەوەش نەكات دەبێت داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت بەو نرخەی سۆمۆ دەیفرۆشێت ڕادەست بكات”.

ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەڕلەمانی عیراق لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردەوە، ڕۆژانە كۆبوونەوەی لیژنە فەرعیەكانی لیژنەی دارایی بەردەوامە لەگەڵ وەزارەت و دەستە و دامەزرواكان و ئەمڕۆ لەبەر گرنگی بابەتەكە هەموو لیژنەكە لەگەڵ وەزیری نەوت و بەرپرسی كۆمپانیای سۆمۆ و كادرە پێشكەوتوەكانی وەزارەت كۆبووینەوە و بابەتی نەوتی هەرێم یەكێك بوو لە تەوەرە گرنگەكانی كۆبوونەوەكە.

ئەو پەڕلەمانتارە كوردە سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێم و ناردنی پشكی بودجە و مووچەی فەرمانبەران دوو بژاردەی عیراق بۆ هەرێمی كوردستان ئاشكرا دەكات، كە ئەمانەن:
یەكەم: بەغدا ئامادەیە هەموو مەلەفی نەوت وەربگرێت بەهەموو تێچوونەكانیەوە.
دووەم: ئەگەر هەرێم ئامادە نەبێت ئەوا بەغدا ڕازییە داهاتی (۲٥٠٠٠٠) بەرمیل وەربگرێت بەو نرخەی سۆمۆ دەیفرۆشێت.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕەنگە بوترێت خاڵی دووەم زۆر ئاسانە بۆ هەرێم، بەڵام چەند گرفتێكی هەیە، چونكە هەرێم ئەگەر بەرمیلێك نەوت بدات بە (٥٠)$ ئەوا ٥٥٪ دەڕوات بۆ تێچووی و قازانجی كۆمپانیاكان، واتە هەرێم لەو بڕە تەنها ۲۲.٥ دۆلاری بۆ دەمێنێتەوە و ۲۷.٥ بۆ كۆمپانیاكان دەڕوات.

هەر سەبارەت بە گرفتەكان دەڵێت: “بەدڵنیاییەوە نەوتی هەرێم كەمتر لەنەوتی عێراق دەفرۆشرێت بە (۱۱) دۆلار واتە هەرێم دەبێت ئەو (۱۱) دۆلارەش قەرەبوو بكاتەوە جگە لەپشكی كۆمپانیاكان، بۆیە ئەم خاڵە جێبەجێكردنی زۆر قورسە و هەرێم لەبەرمیلێك ئەگەر ۲۲.٥ دۆلاری دەست بكەوێت ئەوا دەبێت خۆی ۲۷.٥ دۆلاری بخاتە سەر بەئیزافەی ئەو (۱۱) دۆلارەی بەكەمتر فۆشتوویەتی” .