سەردێر

كێشەكانی پیشەسازی چارەدەكرێن

خەڵك-ئارام سەردار

دوای ئەوەی شاندێكی وەزارەتی پیشەسازی عیراقی فیدڕاڵ گەیشتە هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠ی كانوونی دووەمی ٢٠٢١ لەهەولێر كۆبوونەوەیەكی فراوان لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم و ژمارەیەك لە خاوەن كۆمپانیا و كارگە و بازرگانان بەڕێوەچوو.

كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێمی كوردستان لەكۆنفڕانسێكی ڕوژنامەوانیدا ڕاگەیاند، بەمەبەستی چارەسەری گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغداد لەكەرتی پیشەسازی لەگفتووگۆكانیان گەیشتن بەوەی لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنن، بڕیاریشە لە بەغداد كۆبوونەوەی دیكە ئەنجام بدەن.

دەشڵێت، پێویستە ئەو گرفتانەی هەن چارەسەربكرێن، كاری لیژنەكەش دەستنیشانكردن و ڕێگا چارەسەریەكەیانە لەڕاپۆرتێكدا ٦٠ ڕۆژ جارێك ئاڕاستەی هەردوو وەزارەت دەكرێت.

وتیشی: گەرەنتی هەیە لە ساغكردنەوەی بەرهەمە پیشەسازییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و ڕێكخستنی باجەكان و پێدانی نیشانەی بەرهەمهێنان.

لای خۆشیەوە مەنهەل خەباز، وەزیری پیشەسازی عیراقی فیدڕاڵ ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی فراوانی نێوان هەردوو وەزارەتی پیشەسازی لە بەغداد بەڕێوەدەچێت، لەسەر ئەو بنەمای لێكتێگەیشتنەی ئیمزایان كردووە و لەهەموو عیراقیش گرفتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان هەیە كە دەبێت هەموو گرفتەكان قسەی لەسەر بكرێت و چارەسەر بكرێت.