سەردێر

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی بۆ مووچەی فەرمانبەران داوایەك لە حكومەتی عیراق دەكات

خەڵك- بەشی هەواڵ
پەڕلەمانتارێكی یەكێتی لە بەغدا داوا لە حكومەتی عیراق دەكات مووچەی مانگی یەك-ی فەرمانبەرانی هەرێم ڕەوانە بكات و دەشڵێت: “داوامان لە حكومەتی هەرێم كردووە دەستپێشخەری بكات و نەوت ڕادەستی سۆمۆ بكات”.

ئەڵماس فازڵ، ئەندامی پەڕلەمانی عیراق لە فراكسیۆنی یەكێتی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی (دیجلە)ی عیراقی ڕایگەیاندووە، وەك فراكسیۆنی یەكێتی دەستپێشخەریمان كردوە بۆئەوەی حكومەتی ھەرێم پابەند بێت بە ڕێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی عێراق، تاوەكو حكومەتی عێراقش دەستھەڵبگرێت لە سزادانی خەڵكی ھەرێم.

ڕاشیگەیاند، ئێمە دەخوازین ھەردوو حكومەت پابەندبن بە ڕێككەوتنەكان بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای بودجە و دووپاتیشمان كردۆتەوە، كە چارەسەركردنی ئەو كێشانە تەنھا بە دیالۆگ و لێكتێگەیشتن دەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە، نابێت ھاووڵاتیان ھەرێم و پارێزگاكانی بەسڕە و نەجەف و شوێنەكانی دیكە باجی كێشە سیاسیەكانی ھەردوو حكومەت بدەن و ناكرێت ھاووڵاتیانی ھەرێم بێ مووچە و برسی بكرێن.

ئەو پەڕلەمانتارەی یەكێتی دەڵێت: ” داوامكردوە حكومەتی عێراق مووچەی مانگی یەك-ی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات”.