سەردێر

بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاد دەكرێت

سلێمانی ـ نزار جەزا

بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان نابڕێت، بەڵكو زیادیش دەكات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتەكانی بازرگانی و كشتوكاڵی عیراق لە دوو بەیاننامەی جیاوازدا ئاماژەیان بەوەكردبوو، كە بەشەخۆراكی جۆری (برنجى عەنبەر)ی بەرهەمی ناوخۆ لەچوارچێوەی بەشەخۆراكدا دابەش دەكرێت و هاوكات بەشەخۆراكی ئەوانە دەبڕێت، كە مردوون یان چوونەتە دەرەوەی وڵات یان مووچەیان لە ملیۆن و نیوێك دينار زیاترە.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لەماوەی ساڵی 2020دا بەهۆی قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، بەشەخۆراكی تەنها چوار مانگ بۆ هەرێم هاتووە و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشكراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، چەند جارێك داوایان كردووە جۆری ماددە خۆراكییەكان چاك بكرێن، هەرچەندە باشن، بەڵام لەتموحیاندا نییە و داواكارن باشتر بكرێن.

باسی لەئەوەشكرد، تاكو ئێستا بەفەرمی هیچ نووسراوێكیان بۆ نەهاتووە، كە بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان زیاد دەكرێت، بەڵام بیستویانە، كە دەكرێتە هەشت ماددە.

ئاماژای بەئەوەشدا، بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان زیاد دەكات، كەمناكات و ئەو دەنگۆیانەش ڕاست نین، كە دەڵێن بەشەخۆراكی مانگانە دەبڕێت.

هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان پێویستە مانگانە بەشخۆراكی خۆیان وەربگرن، كە پێكهاتووە لە شەكر و ڕۆن و برنج و ئارد، بەڵام تاكو ئێستا بەشێك لەهاووڵاتییان نەیانتوانیوە ‌بەتەواوی سوود لەم بەشە خۆراكە وەربگرن، چونكە كوالێتییان باش نییە، هەروەها مانگانە لەكاتی خۆیدا دابەشناكرێت.