سەردێر

بەهای دۆلار و تمەن بەرزبوونەوە

خەڵك- بەشی هەواڵ

ناسەقامگیری دۆخی ئابووری عیراق بەهۆی بەرزكردنەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار لەلایەن بانكی ناوەندییەوە و نزیكبوونەوەی وادەوی دەستبەكاربوونی جۆ بایدن وەك سەرۆكی نوێی ئەمریكا بەهای دۆلار و تمەنیان لە بازاڕەكانی عیراق و هەرێم بەرزكردەوە.

خاوەنی نووسینگەیەكی ئاڵوگۆڕی دراو لە سلێمانی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، كە ئەمڕۆ دۆلار بەرزترین بەهای تۆماركردووە و 100 دۆلار بە 146 هەزار زینار مامەڵەی پێوەكراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی لێدوانی بەرپرسان و پەڕلەمانتارانی عیراق لەسەر ئەوەی ناتوانن دەستكاری ئەو نرخەی دۆلار بكەن، كە بانكی ناوەندی لە بودجەدا دایناوە بە 1450 دینار بۆ فرۆشتن بە بانكەكان و لە بازاڕدا بە 1470 دینار، بۆیە بەهای دۆلار بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهای تمەن بەهەمان شێوە ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و 100 دۆلار بە 2 ملیۆن و 80 هەزار تمەن بە دەستی، بەڵام بە حەواڵە بە 2 ملیۆن و 160 هەزار تمەنە.

لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی سیاسەتەكانی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران و سەپاندنەوەی سزا ئابوورییەكانەوە، بەهای تمەن بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزی و گەیشتە نزیكەی 3 ملیۆن تمەن بۆ 100 دۆلار.