سەردێر

داهاتی نەوتی عیراق یەك ملیار دۆلار زیادی كردووە

خەڵك- بەشی هەواڵ
وەزارەتی نەوتی عیراق بڕی نەوتی هەناردەكراو و داهاتەكەی لە مانگی ڕابردوودا بڵاوكردەوە و ئاشكرای كردووە، كە یەك ملیار دۆلار زیادی كردووە.

وەزارەتی نەوتی عیراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە، بەپێی داتاكانی هەناردەی نەوت، كە لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە پێیان دراوە لە مانگی 12ی ساڵی ڕابردوودا بڕی 88 ملیۆن و 211 هەزار و 750 بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان كراوە.

ڕاشیگەیاندووە، “كۆی داهاتی بەدەستهاتوو دەكاتە 4 ملیار و 235 ملیۆن و 313 هەزار دۆلار”، كە ئەوەش بە بەراورد بە مانگی پێشتر یەك ملیار دۆلار زیادی كردووە.

ئاشكراشی كردووە، بەبۆنەی بەرزبوونەوەی بەهای نەوت لە بازاڕی جیهانیدا هەر بەرمیلێك نەوت بە بڕی 48 دۆلار و 13 سەنت فرۆشراوە.