سەردێر

شوێنی فرۆشتنی دەرمانی گیایی بەڵاڵوك دادەخرێت

 

خەڵك-بەشی هەواڵ

لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان و بەهۆی نەبوونی مەرج و ڕێنماییەكانی كاركردن، لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی شوێنی فرۆشتنی دەرمانی گیایی بەڵاڵوك دادەخات و سەرۆكی لیژنەكەش داوا دەكات ئەو دەرمانانەی مەرجە زانستییەكانی تێدا نییە بەكارمەهێنن.

د. پەرست نەقشبەندی پزیشكی دەرمانساز و نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند: لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان و بەهۆی گرانفرۆشی، لیژنەكە بەدواداچوونی بۆ شوێنی فرۆشتنی دەرمانی گیایی بەڵاڵوك لەگەڕەكی چوارباخی شاری سلێمانی كردووە، دەركەوتووە بەنرخێكی زۆر بەرز گیراوەكانی بەسەر هاووڵاتیاندا ساغدەكاتەوە‌.

وتیشی”هاووڵاتیەكە سكاڵای هێناوە بۆ قائیمقامیەتی سلێمانی، كەلە ‌دەفرێكی بچوكدا بەناوی ئاوی كەرەوزەوە بڕێكی كەم گیراوەیەكیان بە (120.000) هەزار دینار پێفرۆشتووە، لە كاتێكدا نازانرێت ئەو گیراوە لەچی پێكهاتووە، بۆیە لیژنەكە دەستی بەسەردا دەگرن و بۆ دڵنیابوونەوەوە لێی، ڕەوانەی تاقیگەكانی دەكەن بۆ پشكنین. ڕوونیشیكردەوە، لەبەرئەوەی دەرمانە گیاییەكان لەلایەن ناوەندە زانستییەكانەوە بەرهەم نەهێنراوە، نازانرێت پێكهاتەكەی چییە ئەمەش پێچەوانەی زانستی دەرمانسازیە هەروەها كێشەیەكی دیكەی ئەو شوێنانەی دەرمانی گیایی دەفرۆشن ئەوەیە لەسەر چ بنەمایەك نرخەكان دیاری دەكرێت.

سەرۆكی لیژنەكە داوا لەهاووڵاتیان دەكات، لەبەرئەوەی هیچ زانیارییەك لەسەر پێكهاتە و بڕەكانیان و چۆنیەتی بەكارهێنان نییە وەهەروەها خۆیان لەبەكارهێنانی ئەو جۆرە دەرمانانە بەدور بگرن، لەوانەیە‌ زیانی بەكارهێنانی لەسەر تەندروستیان زۆرترە لە ‌وسودەكانی. ئاماژەی بۆئەوەشكرد: بە فەر‌مانی قائیمقامی سلێمانی، نمونەی دەرمانە گیاییەكان دەبرێت بۆ پشكنین و شوێنی فرۆشتنی دەرمانی گیایی بەڵاڵوك دادەخرێت.