سەردێر

سامانە سروشتییەكان: هەرێم مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە

خەڵك – بەشی هەواڵ

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕایدەگەیەنێت: ” هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە، بۆیە داوای ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەكی نا دەستوورییە”.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەكەیدا دەشڵێت: “جارێكی تریش ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت دەردەبڕین بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا بێت”.

دەقی ڕوونكردنەوەكە:

وەزیری نەوتی عیراق بەڕێز ئیحسان عەبدولجەبار لە چاوپێكەوتنێكدا ئاماژەی بە چەند بابەتێكی پەیوەندیدار بە نەوتی هەرێمی كوردستان كردبوو ، لێرەدا بە پێویستی دەزانین چەند ڕوونكردنەوە و ڕاستكردنەوەیەك سەبارەت بەو بابەتانە بدەین كە لە چاوپێكەوتنەكەدا باسكراون”:

یەكەم:”بەڕێز وەزیری نەوتی حكومەتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردووە كە تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت لە كوردستان بەرزە و نەوتی هەرێمی كوردستان بە 10 دۆلار كەمتر لە نرخی نەوتی خاوی عیراق دەفرۆشرێت”.

بێگومان ئەمە چەند هۆكارێكی هەیە، لەوانە پێكهاتە و سروشتی ئاڵۆزی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكە كە تێچووی دەرهێنانی زیاتر بێت لە كێڵگە نەوتییەكانی عیراق. سەبارەت بە نرخەكەشی بەداخەوە بە هۆی ئەو كێشە و ئاستەنگانەی لە لایەن حكومەتی فیدراڵی و كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ نەوتی هەرێم دروست دەكرێت ، نرخی نەوتی هەرێم كەمترە لە نرخی بازاڕەكانی جیهان.

دووەم:”لە چاوپێكەوتنەكەدا بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی، داوای ئەوە دەكات دۆسیەی نەوتی هەرێم ڕادەستی سۆمۆ بكرێت و بە شێوەیەكی ( مەركەزی) بەڕێوەببرێت. لە كاتێكدا بە پێی دەستوور، عیراق دەوڵەتێكی فیدراڵییە و مەركەزیی نییە. بە پێی دەستووریش كە زۆرینەی عیراقییەكان دەنگیان پێداوە، هەرێمی كوردستان مافی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەیە. بۆیە داوای ڕادەستكردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم، داوایەكی نا دەستوورییە. بەڵام لە هەمانكاتدا ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ ئەوەی داهاتی 250 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە ڕادەستی حكومەتی فیدراڵی بكەین لە بەرامبەر ئەوەی ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم دابین بكەن. هەمیشە ئامادەشین كێشەكانی نێوانمان بە پێی دەستوور چارەسەر بكەین و بگەینە ڕێككەوتنێكی هاوبەش كە لە بەرژوەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عیراقدا بێت.

سێیەم: سەبارەت بە پابەندبوون بە بڕیارەكانی ئۆپێك، هەرێمی كوردستان پابەندبووە بەو بڕەی بۆی دیاریكراوە كە 430 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، لە كاتێكدا هەرێم تەنیا نزیكەی بیست و پێنج هەزار بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆیی داناوە، بەڵام حكومەتی فیدراڵی یەك ملیۆن بەرمیلی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆییە.

بەپێی ڕێژەی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵی بێت كە 12.67% دەبووایە هەرێم زیاتر لە شەشسەت هەزار ( 600,000 ) بەرمیل بەرهەم بهێنێت لە كۆی پێنج ملیۆن بەرمیلی بەرهەمی عیراق، بەڵام هەرێم تەنیا چوارسەد و پەنجا هەزار بەرمیل بەرهەم دێنێت، واتە هەرێمی كوردستان زۆر لە بەشی خۆی كەمتر بەرهەم دەهێنێت. بۆیە ئەوەی لە بەشی خۆی زیاتر نەوتی بەرهەمی هێناوە حكومەتی عێراقە نەك هەرێم ، بۆیەش دەبێت حكومەتی عيراق بەرهەمی خۆی كەم بكاتەوە نەك ئەو داوایە لە هەرێم بكات. سەرەڕای ئەوەش هەرێمی كوردستان بۆ بەشداری لە كەمكردنەوەی بەرهەمێنان، سی هەزار (30.000 ) بەرمیلی لە بەرهەمهێنانی خۆی كەم كردووەتەوە.

چوارەم : بەڕێز وەزیری نەوتی فیدراڵی ئاماژەی بەوە كردووە كە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوك سەر بە بەغدان. لە كاتێكدا ئاشكرایە كە كەركوك بە پێی دەستوور، ناوچەیەكی كێشە لەسەرە و پێویستە بە پێی ماددەی 140 خاوەندارێتی ئەو ناوچانە چارەسەر بكرێت.

لە كۆتاییدا جارێكی تریش ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەركردنی بابەتەكانی پەیوەست بە دۆسیەی نەوت دەردەبڕین بە شێوەیەك لە بەرژەوەندی هەردوولاماندا بێت.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان